بەسرە گەنجێک خۆی کوشت و یەکێکی دیکەش بە خنکاوی دۆزرایەوە

دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە پارێزگای بەسرە، خۆکوشتنی گەنجێکی تەمەن 20 ساڵانیان ڕاگەیاند.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕایگەیاند "لە شارۆچکەیەکی باکووری بە سرە، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی هەڵواسیبوو و بە مردوویی دۆزرایەوە"

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد "هێشتا پاڵنەری خۆکوشتنەکە بۆ دەزگا ئەمنییەکان بە نهێنی ماوەتەوە، بەو پێیەی تەرمەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان."

هەر لە بەسرە بە هەمان شێوە؛ سەرچاوەکی دیکە ئاشکرای کرد " لەکاتی مەلەکردنی چوار گەنج لە ڕووباری ناوچەی کرمە عەلی، یەکێکیان خنکاوە و تەرمەکەی دەرهێنراوە."

لەلایەکی دیکەشەوە لە بەغداش؛ سەرچاوەیەکی خۆجێی ڕایگەیاند "لە پێکدادانی دوو ماتۆڕسکیل لە نزیک گوندی حەمەد شەهاب لە شارەدێی تارمییە لە باکووری بەغدا سێ کەس بریندار بوون."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە "بریندارەکان بۆ تیمارکردن گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە."