بلینکن بە ئەجێندایەکی ئاڵۆزەوە سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (وێنە: AP)
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (وێنە: AP)

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جارێکی دیکە دێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل پێشنیازێکی نوێی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە هەیە و "ئۆنروا"ـش هۆشداریی دەدات. 

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 21-10-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ کەوت. ئیسرائیل، یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بلینکن دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت سەردانی قەتەر، میسر، ئوردن و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ناوچەکەش بکات. 

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە "لەوانەیە بلینکن تاوەکوو ڕۆژی هەینی، 25-10-2024، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێنێتەوە." لەبارەی ئامانجی سەردانەکەش، ئاماژەی بەوە کردووە "ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریکا و بەرپرسانی ناوچەکە گرنگیی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی فەلەستین" تاوتوێ دەکەن."

 تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە "گفتوگۆ لەبارەی قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی شەڕ لە غەززە و دۆزینەوەی "چارەیەکی دیپلۆماسی" بۆ بارودۆخی ئێستای لوبنان، دەکرێت." 

ئەمە دەبێتە 11ـەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەتەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستی پێ کردووە و تەنها سێ هەفتە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دێت کە بڕیارە 05ـی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت. 

ئاگربەست لە بەرانبەر ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیل؛ ڕوونین باز، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتیی ئەو وڵاتە (شاباک)، ڕۆژی یەکشەممە، 20-10-2024، پێشنیازێکی نوێی بۆ ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەیەکی کاتی لە غەززە و ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتەی ژێر دەستی حەماس پێشکەشی حکوومەتی جەنگی و سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆ کردووە. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، پێشنیازەکە پێکهاتووە لە "ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە غەززە لە بەرانبەر ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلیی ژێر دەستی حەماس، بەبێ کشانەوەی سوپا لەو ناوچەیە." ئاماژە بەوەش کراوە "ناتانیاهۆ پێشنیازەکەی قبووڵ کردووە و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتیی ڕاسپاردووە سەردانی قاهیرە بکات بۆ تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازە لەگەڵ بەرپرسانی میسر." 

ڕێگریی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ باکووری غەززە

فیلیپ لازارینی، کۆمیساری گشتیی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (ئۆنروا) لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دووپاتی کردەوە "ئیسرائیل ڕێگە نادات یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە باکووری کەرتی غەززە" و "هاووڵاتییانی غەززە لەژێر گەماروودان". 

لازینی لە پۆستەکەیەدا ئاماژەی بەوەش کردووە "ئیسرائیل لە باکووری غەززە نەخۆشخانەی بۆمباران کردووە و کارەبای لێ بڕیون؛ بریندارەکانیشی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش کردووە."

کۆمیساری (ئۆنروا) جەختی لەسەر پێویستی ڕێگەدان بە دامەزراوە فریاگوزاریەکان کردووەتە بۆ چوونە ناو باکووری غەززە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێگریی لە هاوکارییە مرۆییەکان دەکرێت و وەک چەکێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکان بەکار دەهێنرێت.