گومانلێكراوێك لە چەمچەماڵ دەستگیر كرا

"ویستوویەتی بە رێگەی قاچاغ بێتە ناو شارەكانی ھەرێمی كوردستان"

K24 - سلێمانی

شەوی رابردوو گومانلێكراوێك لە قەزای چەمچەماڵ دەستگیر كرا، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو كەسە لە نەتەوەی عەرەبە و گومان دەكرێت سەر بە چەكدارانی داعش بێت.

نەقیب ئامانج لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ رایگەیاند "شەوی رابردوو لەلایەن هێزەکانی بنکەی پۆلیسی فریاکەونتی چەمچەماڵی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمانەوە کەسێکی بەڕەگەز عەرەب بەناوی (ح. ح. ا) تەمەن (43) ساڵ دەستگیرکرا، کە گومان دەکرێت سەر بە چەکدارانی تیرۆرستی داعش بێت، کە ویستوویەتی بە رێگەی قاچاغ بێتە سنووری قەزای چەمچەماڵ و شارەکانی هەرێمەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە "لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی چەند کەلوپەلێک کە پێبووە وەک 10 سیمکارتی کۆڕەک و ئاسیا و زین و چوار پاسپۆرت، دوو مۆبایلی جۆری ئایفۆن و مۆبایلێکی گالاکسی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و کردنەوەی پەڕاوی یاسایی بۆی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی کراوە".