بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر: هاوردەکردنی پیاز ڕاگیراوە

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند "بەرهەمی پیاز بۆ ئەمسال کەمی کردووە و تەنیا بەشی ناوخۆی کوردستان دەکات، ناتوانین هەناردەی بکەین، هاوردەکردنیشمان لە بەر جووتیارانی کوردستان ڕاگرتووە."

سێشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بۆ ئەمساڵ ڕێژەی بەرهەمی پیاز کەمی کردووە، بە بەراود بە ساڵی ڕابردوو، بەو هۆیەوە هەناردەکردنمان ڕاگرتووە."

بەڕێوەبەرای گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: "ئەو ڕێژەیەی بەرهەم هاتووە بەشی پێداویستی ناخۆی خۆمان دەکات، بۆیە ناتوانین هەناردەی بکەین، هاوردەکردنیشمان لە بەر جووتیارەکانی خۆمان ڕاگرتووە، لە هەر شوێنێکیش دزەی کردبێت و پێمان زانیبێت، شوێنەکەمان سزاداوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرهەمەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت."

دەشڵێت: "نرخی ئەو بەرهەمەش لە بازاڕی عەلوەی هەولێر لە 500 دینارەوە دەست پێ دەکات تاکوو 700 دینار، بەدواداچوونیش دەکەین هەر شوێنێک نرخەکەی بەرز بکاتەوە، ئێمە لای خۆمانەوە سزای دەدەین."

هێمن سەید موراد ڕاشیگەیاند "بەمزووانە  تەڕەپیاز پێ دەگات لەگەڵ پێگەیشتنیدا، پیاز هەرزان دەبێت."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment