كەسێك لە ھەولێر بە تۆمەتی دزیكردن دەستگیر كرا
دیواری دوكانەكانی كونكردووە
K24 - ھەولێر
لە كۆمەڵگەی قوشتەپەی سنووری پارێزگای ھەولێر، كەسێك بە تۆمەتی دزیكردن دەستگیر كرا، پۆلیس رایدەگەیەنێت "دیواری دوكانەكانی كونكردووە و پارە و مۆبایل و كەلوپەلی دزیووە".
پۆلیسی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوابەدوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی هەولێر لە حاڵەتێكی كونكردنی دیواری دوكانێك و دزیكردن لە كۆمەڵگەی قوشتەپە، بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستبەجێ تیمێكی لێكۆڵینەوە پێكهێنرا، كە بە كەمتر لە (6 كاتژمێر) توانرا كەسێك بە ناوی (ح.ع.ع) كە عەرەبە، بە تۆمەتی دزیكردن دەستگیر بكرێت".
ئاماژە بەوەشكراوە: "تۆمەتبارەكە دانی نا بە تاوانەكەیدا، كە هەڵساوە بە كونكردنی دیواری دوكانەكە و كۆمەڵێك مۆبایل و پارە و كەلوپەلی دیكەی بردووە، بۆیە بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان، بەند كرا و درایە دادگا، هەروەها سەرجەم كەلوپەلەكانیش رادەستی خاوەنەكەی كرانەوە".
