سەرۆک وەزیرانی عێراق شوێنگرەوەی حەیدەر حەنونی دەستنیشان کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شییاع سوودانی، بڕیاری دا محەممەد عەلی ئەللامی بۆ پۆستی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە شوێنی حەیدەر حەنون ڕابسپێرێت.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شییاع سوودانی، بڕیاری دا محەممەد عەلی ئەللامی بۆ پۆستی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە شوێنی حەیدەر حەنون ڕابسپێرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد "دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیران لەدانیشتنی ئاسایی خۆیدا دەنگی بە دەستنیشانکردنی ئەللامی دا وەک ڕاوێژکاری تایبەت لە وەزارەتی داد، هەروەها ڕاسپاردەیەکی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات."
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "سەرۆک وەزیران هەوڵەکانی حەیدەر حەنونی بەرز نرخاندووە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە درێژایی خولی پێشووی وەک سەرۆکی دەستەکە، جەختیشی کردەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کاری لە پێشینەی حکوومەتە و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ سەرۆکی نوێی دەستەی دەست پاکی خواست."
جێگای سەرنجە محەممەد عەلی ئەللامی بەتەمەنترین بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی دەستپاکییە، هەروەها ئەزموونی بەرفراوانی هەیە لە کاری یاسایی و کارگێڕی پەیوەست بە دەستپاکی.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، 15-10-2024، سەرچاوەیەکی ئاگەدار بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "دوای دەرچوونی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە هاوتاکردنی دەنگی دادوەر حەیدەر حەنون، لەگەڵ ئەو دەنگەی سەبارەت بە وەرگرتنی بەرتیل دزەی پێ کراوە و لە سۆشیال مێدیا بڵاوبووەتەوە ، ڕێژەی هاوتاکردنی دەنگەکە 100% و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە."
ڕۆژی دووشەممە 7ـی تشرینی یەکەم، دەسەڵاتی دادوەری عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بە وەکالەت، دەرکرد.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دادوەری کە مێدیای ناوخۆی گوتوە: "دادگەی لێکۆڵینەوەی سێی کەرخ، بەهۆی ئامادەنەبوون لەبەردەم دادگە لەو دۆسیانەی پێی تۆمەتبار کرابوو، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بە وەکالەت دەرکردبوو."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد "دادگا زیاتر لە جارێک ئاگاداریی بۆ حەنون ناردووە، بە مەبەستی ئامادەبوونی لەبەردەم دادگا، بەڵام ئامادە نەبووە."
محەممەد عەلی ئەللامی کێیە؟.
-لەساڵی 1975 لە بەغدا لە دایک بووە.
-بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە.
-کۆنترین بەڕێوەبەری گشتییە لەدەستەی دەستپاکیی عێراق.
- بەڕێوەبەری گشتیی خۆپاراستن بووە لەدەستەی دەستپاکی.
-بەرێوەبەری گشتیی بەشی یاسایی لە دەستەی دەستپاکی.
-بەرێوەبەری گشتیی هاوردە لەدەستەی دەستپاکی.
بەڕێوەبەری گشتیی ئەکادیمی عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
-جێگری سەرۆکی تیمی هێنانەوەی پارەی بەقاچاخ بردراوی عێراق.
-ئەندامی لیژنەی بلۆککردنی دارایی تیرۆریستان.
-بەڕێوەبەری گشتیی بەشی خۆپارێزی لە دەستەی دەستپاکی عێراق.