پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: دوێنێ چاوم بە عەبدوڵلا ئۆجەلان کەوت

عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان

دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو؛ جارێکی دیکە عەبدوڵلا ئۆجەلان و کەسوکارەکەی یەکتریان بینی. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-10-2024، عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو؛ دوێنێ چوارشەممە، 23-10-2024، "وەکوو بنەماڵە" چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان کەوتووە. 

ڕۆژی 20-03-2020، عەبدوڵلا ئۆجەلان و بنەماڵەکەی یەکتریان بینی بوو، واتا زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر. ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی داوا دەکات "سەردانی خێزانی کە مافێکی یاساییە، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە" بۆ لای عەبدوڵلا ئۆجەلان بەردەوام بن.

 

 

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕایگەیاند پێویستە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە بێت و پەیامی چەکدانان  ڕابگەیەنێت". 

گوتەکەی باخچەلی تەواوی سەردێرەکانی هەواڵی لە تورکیا تەنیوە، هەندێک پێیان وایە قۆناغێکی نوێیە بۆ تورکیا، هەندێکی دیکەش دەڵێن: "بۆ مەرامی سیاسییە."

لە سەرەتای پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا شاندێك لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە كە بە شاندی ئیمراڵی ناسرابوو، چەند جارێك چاویان بە ئۆجەلان كەوت، جگە لە گەیاندنی پەیامی پەكەكە بۆ ئیمراڵی لە ھەمانكاتدا چەند نامەیەكی ئۆجەلانیشیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گەیاندە قەندیل. بەڵام لە 5/4/2015، ئەو دەرگایە بە ڕووی شاندی ئیمراڵی داخرا و دواتریش پرۆسەی ئاشتی شكستی ھێنا.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕاڵی بەندكرا. بەپێی میدیاكانی پەكەكە تائێستا پارێزەرانی ئۆجەلان 768 جار داوای بینینی ئۆجەلانیان كردووە و داواكەیان رەتكراوەتەوە.