ناسنامەی یەکێک لە هێرشکارەکانی هێرشەکەی ئەنقەرە ئاشکرا کرا
وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، یەکێک لە هێرشکارەکانی هێرشەکەی ئەنقەرە؛ ئەندامی پەکەکەیە بە ناوی "عەلی ئۆرەک".
پێنجشەممە، 24-10-2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، یەکێک لە هێرشکارەکانی سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە؛ ئەندامی پەکەکەیە بە ناوی "عەلی ئۆرەک" و ناوە نهێنییەکەی "ڕۆژگار"ـە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە "کارەکان بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی تیرۆریستە ژنەکەی دیکە درێژەی هەیە".
نزیکەی کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی چوارشەممە، 23-10-2024، لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە هێرش کرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە (TUSAŞ).
شەڕە تەقە لەنێوان چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا ڕوویدا و دواتر یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندبوو، لە ئەنجامی هێرشەکە پێنج کەس کوژراون و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-10-2024، وەزارەتی تەندروستیی تورکیا ڕایگەیاند "لە کۆی 22 هاووڵاتیمان کە لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر دامەزراوەکانی TUSAŞ لە قەهرەمانکازان برینداربوون هەشتیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و چارەسەری برینی 14یان بەردەوامە".