"هیچ بڕیار و پێشنیارێک بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ لە ئارادا نییە"

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا ئاشكرای كرد "هیچ بڕیار و پێشنیارێک بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ لەکاتی ئێستادا نییە".

لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی تەندروستی ھاتووە: "لە چەند دەزگایەكی میدیایی لێدوانێك لەسەر ناوی وەزیری تەندروستی بڵاوكرایتەوە گوایە قەدەغەی هاتووچۆ درێژدەکرێتەوە. لێرەوە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن دڵنیا دەكەینەوە كەوا هیچ بڕیار و پێشنیارێكی لەوشێوەیە لە ئارادا نییە و هیچ لێدوانێکی لەم جۆرە نەدراوە، بەڵکو لەكاتی پێویست و هەر رەوشێکی نوێ بە هەماهەنگی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بە فەرمی رێنمایی پێویست و رێکارەکانی خۆپارێزی رادەگەیەندرێت".

وەزارەتی تەندروستی جەختدەكاتەوە: "جارێكی تر داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەكەینەوە كە باپەندی رێنماییەكانی تەندروستی بن بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19".