گەورە ئەمیرێکی داعش کوژرا
ئەمەریکا پێنج ملیۆن دۆلاری وەک پاداشتی کوشتنی دانابوو
K24 - هەولێر:
دەزگای دژەتیرۆری عێراق کوژرانی "والی عێراق"ـی رێکخراوی داعشی راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێنج ملیۆن دۆلار خەڵاتی بۆ هەرکەسێک دانابوو، شوێنهكهی ئاشکرا بکات.
موعتەز نوعمان عەبدولنایف جبووری، ناسراو بە حاجی تەیسیر، یەکێک لە ئەمیرە دیارەکانی داعش بوو، هەروەها ئەندامی پێشووی رێکخراوی قاعیدە بوو لە عێراق.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 26/5/2020) بڵاوی کردووەتەوە، دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەڵێ: "موعتەز نومان والی عێراق بوو لە رێکخراوی داعش و بەرپرسی هەموو ویلایەتەکانی داعش بووە، بەرپرسی پلاندانان و هەماهەنگی بووە بۆ ئۆپەراسیۆنە تیرۆرستییەکانی دەرەوەی رێکخراوەکە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باسی هۆکاری ترسناکیی ئەو بەرپرسەی داعش کراوە و تێیدا هاتووە: "ماوەیەکی درێژە چاودێریی جوڵەکانی دەکەین. ئەو بەردەوام لە جوڵە بووە لەنێو عێراق و دەرەوەی عێراقیش، تاوەکو لەڕێگەی زانیارییەکانمانەوە لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگیی هاوپەیمانان لەناوچەی دێرەزوور لە سووریا کرایە ئامانج".
ئەو بەرپرسەی داعش چەندین پاسپۆرتی جیاوازی هەبووە و بەپێی دەزگای دژەتیرۆر: "هەرگیز مۆبایلی بەکارنەهێناوە تاوەکو شوێنی ئاشکرا نەبێت".
پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا ناوی ئەو ئەمیرەی داعشی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندبوو، کە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار خەڵاتی هەرکەسێک دەکەن، زانیاریی دەدات و دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی، بەڵام وێنەی بڵاونەکراوەتەوە.