ئەو جێگرانەی سەرۆکی ئەمەریکا کە دواتر بوونەتە سەرۆک؛ کامالا هاریس ئەم شانسەی دەبێت؟

واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ و كێبه‌ركێكانیش له‌ نێوان هه‌ر یه‌ك له‌ دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی پێشوو و كاندیدی كۆمارییه‌كان و كامالا هاریس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و كاندیدی دیموكراته‌كاندایه‌.

بڕیار وایه هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ له‌‌ 5ـی تشرینی دووه‌می 2024ـدا به‌ڕێوه‌ بچێت، ڕاپرسییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ترامپ و هاریس ده‌نگه‌كانیان له‌ یه‌كدی نزیكه‌ و له‌ شوێنه‌ جیاجیاكاندا ده‌نگی یه‌كێكیان كه‌متره‌ و ئه‌وی دیكه‌یش زیاتر، هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌. ترامپ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بگه‌ڕێته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات، له‌ به‌رانبه‌ردا هاریس كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆك جۆو بایدنه‌، ئامانجیه‌تی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌سه‌ر ترامپدا سه‌ر بكه‌وێت و ببێته‌ یه‌كه‌م ئافره‌تی ئه‌مه‌ریكی و پۆستی سه‌رۆك به‌ ده‌ست بهێنێت و ناوی بچێته‌ لیستی ئه‌و سه‌رۆكانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كه‌ جێگری سه‌رۆك بوونه‌ و دواتر بوونه‌ته‌ سه‌رۆك، كه‌ دیارترینیان ئه‌مانه‌ بوون:

جۆن ئادەمز و تۆماس جێفرسۆن

لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەمه‌ریکا له‌ ساڵی 1789ـدا، جۆرج واشنتۆن (George Washington) بە تەنیا خۆی کاندید کرد. لەم هەڵبژاردنەدا جۆرج واشنتۆن پۆستی سەرۆک کۆمار و جۆن ئادەمز (John Adams) پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکای بە دەست هێنا. پاشان له‌ ساڵی 1798، جۆن ئادەمز کاندیدی فیدراڵیست پۆستی سەرۆکایەتی بە دەست هێنا و ڕکابەرەکەی لە دیموکرات-کۆمارییەکان، تۆماس جێفرسۆن (Thomas Jefferson)، پلەی دووەمی بە دەست هێنا. بە پێی ئەو یاسایانەی لەو کاتەدا کارپێکراوبوون، تۆماس جێفرسۆن پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکای وەرگرت. لە هەڵبژاردنەکانی دواتردا کە لە ساڵی 1800 به‌ڕێوه‌ چوو، جێفرسۆن پێش ئادەمز کەوت و بوو بە سێیەم سەرۆک لە مێژووی ئەمه‌ریکادا.

وێنه‌یه‌كی سیمبۆڵی جۆن ئادەمز 

مارتن ڤان بوورین

مارتن ڤان بورین (Martin Van Buren) لە ماوەی ژیانی سیاسییدا، چەندان پۆستی گرنگی هەبووە، لەوانە پارێزگاری نیویۆرک بووه‌، پاشان له‌ ساڵی 1829 له‌ لایه‌ن سه‌رۆك ئه‌ندرۆ جاكسۆن‌ (Andrew Jackson)ـوه‌، كرایه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، دوابەدوای هەڵبژاردنه‌كانی ساڵی 1832، مارتن ڤان بوورین بوو بە جێگری سەرۆکی ئەندرۆ جاکسۆن. لەم نێوەندەدا ڤان بوورین تا ساڵی 1837 له‌م پۆسته‌دا مایه‌وه‌ و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1836ـدا پۆستی سەرۆکایەتی بە دەست هێنا و لە 4ـی ئاداری 1837 بە فەرمی دەست بە کار بوو.

مارتن ڤان بوورین

جۆن تایلەر

جۆن تایلەر (John Tyler)، سیناتۆری ویلایەتی ڤێرجینیا لە ساڵی 1840ـدا وەک جێگری ویلیام هێنری هاریسۆن (William Henry Harrison)، سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا. دوای نزیکەی مانگێک لە دەستبەکاربوونی پۆستی سەرۆکایەتی، هاریسۆن کۆچی دوایی کرد. دواتر جۆن تایلەر سوێندی یاسایی خوارد و بووە دەیەمین سەرۆک لە مێژووی ئەمه‌ریکادا.

جۆن تایلەر

میلارد فیلمۆر

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1848ـدا پارتی ڕاستڕه‌و مه‌به‌ستی بوو جەنەڕاڵ زاکاری تایلۆر (Zachary Taylor) بۆ پۆستی سەرۆک کاندید بکات، به‌ڵام ئەندامانی پارتەکە سیاسەتمەدار میلارد فیلمۆر (Millard Fillmore)ـیان هەڵبژارد. سەرۆک تایلۆر بە سەرکەوتنەکەی لە پۆستی سەرۆکایەتیدا، هەوڵی دا فیلمۆر لە بڕیاردان لە ئیدارەکەیدا دوور بخاتەوە بەهۆی ئەو لێکتێنگەیشتنەی نێوانیاندا هه‌بوو.

سەرۆک زاکاری تایلۆر دوای ئەوەی له‌ ساڵی 1850ـدا تووشی نەخۆشی بوو، کۆچی دوایی کرد و سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بۆ میلارد فیلمۆر، جێگری بە جێ هێشت. میلارد فیلمۆر لە ساڵی 1856ـدا وەک نوێنەری پارتی ڕاستڕه‌و خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید کرد، به‌ڵام ده‌رنه‌چوو، به‌ ده‌رنه‌چوونیشی پارته‌كه‌ی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسییدا نه‌ما.

میلارد فیلمۆر

ئەندرۆ جۆنسۆن

ئەبراهام لینکۆڵن (Abraham Lincoln)، سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1864ـدا، ئەندرۆ جۆنسۆن (Andrew Johnson)، سیاسەتمەداری ویلایەتی تێنسی جێگری سەرۆک کۆمار کاندید كرد. دوای ئەوەی کۆمارییەکان لەم هەڵبژاردنانەدا سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، ئەندرۆ جۆنسن پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکای بە دەست هێنا سەرەڕای ئه‌وه‌ی له‌ سیاسه‌ته‌كانیدا دژایه‌تی كۆیلایه‌تی نه‌ده‌كرد و هاوكات دژی دەرچوونی ویلایەتەکانی باشووریش لە فیدراڵیه‌تی ئه‌مه‌ریكادا.

ئەندرۆ جۆنسۆن دوای تیرۆرکردنی ئەبراهام لینکۆڵن لە ساڵی 1865ـدا، بووه‌ سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا. لەم نێوەندەدا، وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كرا، به‌ڵام له‌ دادگه‌ به‌ (موعجیزه‌) ده‌ربازی بوو، كاتێك به‌ جیاوازی یه‌ك ده‌نگ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی، توانی خولی سەرۆکایەتییەکەی تەواو بکات.

ئەندرۆ جۆنسۆن

چێستەر ئارسەر

چێستەر ئارسەر (Chester Arthur)ـی کۆماریخواز سەرەڕای ئەزموونی کەمی لە سیاسەتدا، به‌ڵام لە لایەن سەرۆک جەیمس گارفیڵ (James Garfield)ـدەوە بۆ جێگری سەرۆک له‌ كێبه‌ركێكانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 1880 هەڵبژێردرا. چێستەر ئارسەر دوای سەرکەوتنی گارفیڵد، وەک جێگری سەرۆک دەست نیشان کرا.

دوای ئه‌وه‌ی سەرۆک گارفیڵد له‌ ساڵی 1881ـدا له‌ لایه‌ن چارڵز جەی گیتۆ (Charles J. Giteau) ـوه‌ كه‌ لە ڕووی سۆزدارییەوە تێک چووبوو تیرۆرکرا، چێستەر ئارسەر بووه‌ سه‌رۆك. ئارسەر سەرەڕای کەمی ئەزموونی سیاسی، کۆمەڵێک یاسای دەرکرد کە کاریگەری زۆری لەسەر وڵاتەکە هەبوو. ساڵی 1884 یاسای (ئیستیسنا)ـی چینی واژۆ کرد، کە کۆچی هاووڵاتییانی چینی بۆ ئه‌مه‌ریكا قەدەغە کرد و ڕێگری لە پێدانی ڕەگەزنامەی ئەمه‌ریکی به‌ چینییه‌كان کرد.

چێستەر ئارسەر

تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت

تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت (Theodore Roosevelt) لە سایەی شەڕی ئیسپانیا-ئەمریکا و پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نییه‌كه‌ی له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ حاكمی نیویۆرك بوو، پێگەیەکی گرنگی لە نێو ئەمه‌ریکییەکان بە دەست هێنابوو. كۆمارییه‌كان له‌ ساڵی 1900ـدا ڕۆزڤێڵتیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆک کاندید كرد و ویلیام مەکینلییان (William McKinley)ـیشیان بۆ پۆستی سه‌رۆك كاندید كرد. ویلیام مەکینلییان هه‌ر دوای ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی تیرۆر كرا و ڕۆزڤێڵت شوێنی گرته‌وه‌.

تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت

کاڵڤین کولیج

کاڵڤین کولیج (Calvin Coolidge) سیاسەتمەداری ویلایەتی ڤێرمۆنت له‌ ساڵی 1920ـدا لە لایەن کۆمارییەکانەوە وەک کاندیدی جێگری سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا، كه‌ هاوكات وارن هاردینگ (Warren Harding)ـیان وەک کاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك هه‌ڵبژاردبوو. كاتێك هاردینگ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە ساڵی 1923 كۆچی دوایی كرد، کولیج پۆستی سەرۆکایەتی گرتە ئەستۆ و پاشان له‌ لە ساڵی 1924ـدا وەک کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی بە دەست هێنا.

کاڵڤین کولیج

هاری ترومان

فرانکلین ڕۆزڤێڵت (Franklin D. Roosevelt) لە ساڵی 1944ـدا، هاری ترومان (Harry S. Truman) ـی سیاسەتمەداری ویلایه‌تی میزۆری هەڵبژارد بۆ ئەوەی وەک کاندیدی جێگری سەرۆک لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵیدا بێت. لەو ماوەیەدا ڕۆزڤێڵت خولی چوارەمی بە دەست هێنا، بەڵام لە ساڵی 1945 بەبێ تەواوکردنی ئه‌ركه‌كه‌ی، کۆچی دوایی کرد. بەهۆی ئەمەوە سەرۆکایەتی ویلایەتە ئەمریکا کەوتە دەست هاری ترومان. ترومان لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، جەنگی دووەمی جیهانی بە قازانجی هاوپەیمانان یه‌كلایی كرده‌وه‌ و بڕیاری بۆمببارانی ژاپۆنی بە بۆمبی ئەتۆمی پەسەند کرد و پاشان له‌ ساڵی 1948ـدا بۆ جاری دووه‌م به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

هاری ترومان

دوای جەنگی دووەمی جیهانی 

لە ماوەی دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا، ژماره‌یه‌ك له‌ جێگرانی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پۆستی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌یان به‌ ده‌ست هێنا، بۆ نموونه‌:

لیندۆن جۆنسۆن 

 لیندۆن جۆنسۆن (Lyndon Johnson) له‌ ساڵی 1963ـدا، دوای تیرۆرکردنی جۆن ئێف کێنێدی (John F. Kennedy) به‌ سه‌رۆك ده‌ست نیشان كرا.

لیندۆن جۆنسۆن

ڕیچارد نیکسۆن

ڕیچارد نیکسۆن (Richard Nixon) له‌ ساڵی 1968ـدا پۆستی سەرۆکایەتی بە دەست هێنا دوای ئەوەی پێشتر وەک جێگری دوایت ئایزنهاوەر (Dwight D. Eisenhower) ـی سەرۆک کۆمار کاری کردبوو.

دوایت ئایزنهاوەر

جیراڵد فۆرد

جیراڵد فۆرد (Gerald Ford) له‌ ساڵی 1974ـدا جێگەی ڕیچارد (Richard Nixon)ـی گرتەوە و دوای ئه‌وه‌ی نیکسۆن دەستلەکارکێشانەوەی پێشكه‌ش كرد.

جیراڵد فۆرد

جۆرج هێربه‌رت بوش (George H. W. Bush) له‌ ساڵی 1988ـدا پۆستی سەرۆکایەتی كۆماری ئه‌مه‌ریكای بە دەست هێنا دوای ئەوەی پێشتر جێگری ڕۆناڵد ڕیگان (Ronald Reagan) ـی سەرۆک کۆمار بوو.

جۆرج هێربه‌رت بوش