بەهرە هونەرییەکانی منداڵانی سەلاسی باوەجانی لە پێشانگەیەکدا نمایش کران

پێشانگەیەکی تایبەتی هونەرە جوانەکان بۆ منداڵان و مێردمنداڵانی شاری تازەئاوای ناوەندی شارۆچکەی سەلاسی باوەجانی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە؛ لە پێشانگەکەدا 185 کاری هونەریی منداڵانی ئەندامی ناوەندی پەروەردەی هزریی منداڵانی سەلاسی باوەجانی لە سێ بەشی پەیکەرسازی بە هەویری كاغەز، شێوەکاری لەسەر دەفری گڵینە و شێوەکاری لە سەر شووشە نمایش کراون.

موختار بارامی، بەرپرس و ڕاهێنەری ناوەندی پەروەردەی هزریی منداڵان و مێردمنداڵانی سەلاسی باوەجانی دەڵێ "نزیکەی 15 منداڵمان هێ

ناوە بۆ بەشداریی ئەم پێشانگەیە، قاپی سادەی گڵیمان کڕیوە بۆ ئەوەی دەستڕەنگی خۆیان لەسەری بنەخشێنن، لە ڕاستیدا هونەرێکی جوان و سەرنجڕاکێشیان نەخشاندووە، نزیکەی 10 ساڵ بەسەر بوومەلەرزەکەی ناوچە تێ دەپەڕێت و هێشتا خەڵکی هەر لە ئاوارەیی و دەربەدەریدان، بەڵام لە شوێنێکی وەهادا هەوڵمان داوە توانا هونەرییەکانی منداڵانی سەلاسی باوەجانی دەربخەین کە لە چ ئاستێکدان،"

 ئەو مێردمنداڵانەی بەرهەمەکانیان لەو پێشانگەیەدا نمایش کردووە، وێڕای دەربڕینی دڵخۆشیی خۆیان بۆ کردنەوەی پێشانگەکە، هونەرەکەیشیان وەکوو پیشەیەکی گرنگ دەنرخێنن کە دەکرێ هاوشانی پیشە زانستییەکانی وەکوو مامۆستایەتی و پزیشکی بیکەنە دەرفەتی کار و پەرە بە توانا و بەهرەکانیان بدەن.

کچە هونەرمەند، مەهدینا ئەحمەدی دەڵێت: "من زۆر دڵخۆشم بەوەی هاوپۆلی و هاوشارییەکانم بۆ سەردانی ئەم پێشانگەیە هاتوون، هەربۆیە سوپاسی هەموو ئامادەبووان دەکەم؛ لە ڕاستیدا خەڵکی بەشێوەیەکی گشتی ئارەزووی بوون بە پزیشک یان مامۆستا دەکەن، بەڵام ئەگەر سەیرێکی ئەم پێشانگەیە بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەهرە و پیشەی دیکەش هەن، منداڵان و قوتابیان ئارەزووی فێربوونی بکەن و پەرە بە تواناکانیان بدەن."

کچێکی دیکەی دەستڕەنگین بە ناوی ئاینە محەمەدی‌تەبار دەڵێت: "ئەگەر سەیرێکی ئەم پێشانگەیە بکەین، کەلوپەلەکانی زۆر سادەن، بەڵام سەرنجڕاکێشن، بە نموونە ئەمە قاپێکی سادەی قوڕە، بەڵام بە کارە هونەری و شێوەکارییەکان توانراوە تابلۆی جوان و سەرنجڕاکێشی لێ دروست بکرێت، کە بۆ جوانکاری نێو ماڵ و نووسینگەی کار بەکار بهێنرێت."

تازەئاوا، ناوەندی قەزای سەلاسی باوەجانی، لە سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان هەڵکەوتووە. بەهۆی شەڕی ئێران و عێراق لە دەیەی 1980 و نەبوونی ڕێگاوبانی باش و بومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی 2017 لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بێبەشە، سەرباری ئەوەش، ناوەندی پەروەردەی هزریی منداڵانی شارەکە 1300 ئەندامی هەیە و کاری هونەری و هزری بەرهەم دێنن.