باوکی رۆمینای لە شیرینی خەو هەستاند و کوشتی

چیرۆکی کوشتنی کچێکی تەمەن 13 ساڵ بەدەستی باوکی

K24 – هه‌ولێر:

رۆمینا ئەشرەفی تەمەن 13 ساڵ، لە ماڵ هەڵدێت تاوەکو هاوسەرگیریی لەگەڵ کوڕێک بکات کە خۆشی ویستووە، بەڵام لە دوای دەستگیرکردنی، دادگای شاری تاڵش بەگوێرەی ماددەی 612 لە یاسای سزای ئیسلامی، کچە هەرزەکارەکە رادەستی باوکی دەکاتەوە.

لە شەوی 21 ئایار، لە شیرینی خەودا، باوکی رۆمینا، لە پشتە ملییەوە سەری کچەکەی دەبڕێت.

بەگوێرەی یاساکانی ئێران، باوکی رۆمینا هیچ سزایەکی یاسایی نادرێت چونکە ئەو کوشتنە لە چوارچێوەی "سزادانە بەهۆی تاوانێک" (قیساس)، ئەمەش بەگوێرەی ماددەی 220 لە یاسای سزادانی ئێران کە تێیدا هاتووە، باوک یان باپیری منداڵ، لەپای کوشتنی منداڵ و نەوەکانیان سزانادرێن چونکە ئەوان خاوەنی خوێنی رۆڵەکانیانن.

هەروەها مانگی رابردوو، کچێک بە ناوی هاجارە، کە تەمەنی 16 ساڵ بووە و بە زۆر هاوسەرگیریی پێکراوە، بە دەستی مێردەکەی کوژرا.

 ئەو خانمە لە شارۆچکەی گەشت، تا پۆلی هەشتی خوێندبوو و دواتر رێگری لێکرابوو خوێندن تەواوبکات. کاتێک لە نەخۆشخانە لە دوای مردنی پشکنینی بۆ کرا، دەرکەوت کە هەناوی بە تێزاب سووتاووە و دەست و قاچی بە بەرد شکێنراوە. مێردەکەشی لە بەردەم نەخۆشخانە فڕێی دابوو و دواتر هەڵاتبوو.