گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازی لێکرا
K24 - هەولێر
"چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا خواستی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە، منیش لە بەرەی ھاووڵاتییان دەمێنمەوە". ئەمە قسەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، کە لە گوتارێکدا ئاماژەی پێکرد.
گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت لەلایەن بەشێکی زۆری ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانەوە پیشوازی لێکرا و دەڵێن گوتارەکە گرنگە، پێویستە ھەموولایەک لەم بارودۆخەدا ھاوکاربن و، ئەوانەی دژی چاکسازین بەرژەوەندییان لە گەندەڵیدایە.
بەشێکی چاودێرانی سیاسی پێیان واییە سەرۆکی حکومەت بە راشکاوی باسی توانا داراییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، داواشی لە ھەموو لایەنەکان کردووە لەم قۆناغەدا ھاوکار بن.
فەرهاد کاکەیی، چاودێرێکی سیاسییە و دەڵێ سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان "دارەکەی پێغەمبەر عیسای بە دەستەوە نییە تاوەکو بە شەو و رۆژێک ھەموو دۆخەکە بگۆڕێت، چاکسازیش تەنھا ئەرکی سەرۆکی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکی ھەموولایەکە".
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا سووربوونی حکومەتی لەسەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی چاکسازی و رێگریکردن لە بەھەدەردانی سامانی گشتی دووپاتکردەوە، گوتیشی "بەرژەوەندی خەڵکانیک، کە سەرپێچی و گەندەڵییان کردووە، دەکەویتەوە مەترسییەوە بۆیە ھەوڵی پەکخستنی دەدەن و، ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن". ئاماژەی بەوەشدا دەبێ چاکسازی گشتگیر و سەرتاسەری بێت و، ھەمووان بگرێتەوە، نابێ ھیچ کەس و لایەنێک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و شەخسی رێگری لە پڕۆسەکە بکات.