تەرمی د. رێبەر زەندی دەگەڕێندرێتەوە ھەرێمی كوردستان
کۆرۆنا ژیان لە پزیشکێکی ناوداری کورد دەسەنێتەوە
K24 - ستۆكھۆڵم:
دوای د. رێبەر زەندی، لە وڵاتی سوید بە نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا، تەرمەكەی دەگەڕێندرێتەوە ھەرێمی كوردستان.
ڤیان زەندی، هاوسەری د. رێبەر زەندی بە کوردستان24ـی راگەیاند، د. رێبەر پێشمەرگە بووە، لە ماوەی خەباتی بە سەختی بریندار بووە و کەسێکی نیشتمانپەرەر بوو. من بڕیارمدا تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان، چونکە هەمیشە خەونی ئەوەی هەبوو، دەوڵەتی کوردستان ببینێت.
قۆناغەکانی ژیانی د. رێبەر زەندی:
- د. رێبەر ئەحمەد (زەندی) له ساڵی 1957 له گوندی هێلەوای سەر به شاری هەولێر له دایکبووە، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن، پەیمانگەی تەندروستی تەواوکردووە و له هەولێر وەک یاریدەری پزیشک (2) ساڵ له نەخۆشخانەی كۆمارى خزمەتیکردووه.
- ساڵی 1981 لەگەڵ برا گەورەكەی برایم ئەحمەد زەندی چوونەتە ناو حزبی سۆسیالیستی کوردستان و بووەتە پێشمەرگە لە رێکخستنەکانی دەشتی هه ولێری ئەو حزبە.
- ساڵی 1983 بریندار بووە و دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، نێردراوەتە ئێران و لەوێشەوە بۆ سووریا و دواتر بۆ ئەوروپا.
- لە ساڵی 1984ـەوه له باکووری سوید لە شاری ئومیۆ ژیاوە و دووباره دەستی به خوێندن کردووەتەوە و توانیویەتی کۆلیژی پزیشکی تەواو بکات و ببێت بە پزیشک.
- سەرەتا كاری پزیشکی له شاری ئومیۆ و دواتریش له شاری سوندسڤال کردوه و دواتر چووەتە شاری یاڤله و لەوێ کاری پلەداری پزیشکی بۆ پسپۆرى هەناو تەواو دەکات و دوای چه ند ساڵێک دەگوازرێتەوە ستۆكهۆڵمى پایتەختی سوید.
- له ستۆکهۆڵم بەردەوام دەبيێت له خوێندنی باڵا و بڕوانامەی دووەمی بۆردی (دکتۆرا) سویدی له پزیشکی گشتی و پزیشکی خێزان وەردەگرێت و له چەند بنکەیەکی تەندروستی کاردەکات و چەند ساڵێک له نەخۆشخانەی ئەکادیمیای ئوپسالا له بەشی پزیشکی هەناو و دڵ و بەشی فریاگوزاری خێرا (ناکاو) کاریکردووە.
- له ناوەڕاستی ساڵەكانی 2000 بنکەی تەندروستی برۆمما له شاری ستۆكهۆڵم بەڕێوە دەبات.
- ئەو چەند ساڵەی دوایی له بنکەی تەندروستی بلاککه بێرگ له شاری ستۆکهۆڵم وەک پزیشکی گشتی و پزیشکی خێزان کاری كردوە.
- یەكێك بووە لە كەسە کوردپەروەكان و بەردەوام هاوکاری کوردەکانی دانیشتووی ستوکهۆڵمی كردووه.
- هەمیشه پەیوەندی رۆحى و فیزیکی لەگەڵ کوردستان هەبووه، خەونی خزمەتکردنی گەلەکەی هانیدا له دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆرى سەددام حوسێن له شاری هەولێر به هاوکاری چەند پزیشکێکی دڵسۆزی دانیشتوی سوید، نەخۆشخانەیەک له شاری هەولێردابمەزرێنن.
- دواجار لەکاتی خزمەتکردنی وەک پزیشک له نه خۆشخانه تووشى نەخۆشی ڤايرۆسى کورۆنا ( COVID-19) بوو، دوای زیاتر له 50 رۆژ لە 12/5/2020 گیانی لەدەستدا.
H.J