قایمقامی هەولێر رێکارەکانی دوای جەژن ئاشکرا دەکات

ژیان ئاسایی دەکرێتەوە؟

K24 – هه‌ولێر:

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەم شەو کاتژمێر 12، ژیان هاوشێوەی پێش جەژن ئاسایی دەبێتەوە و رێکارەکانی جەژن کۆتاییان دێت.

داواش لە هاووڵاتیان دەکات، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان ببن؛ هۆشداریش دەدات، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم لە قۆناغێکی نوێدایە و ئەگەر خەڵک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، رەوشەکە خراپتر دەبێت.

لەبارەی رێکارەکان لە جەژن، نەبەز عەبدولحەمید سوپاسی خەڵکی کرد کە بەشێوەیەکی زۆر باش پابەندی رێنماییەکان بوون.

 لە چەند رۆژی رابردوو، چەند حاڵەتێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر تۆمار کراون و بەرپرسانی تەندروستیش دۆخەکە بە مەترسیدارتر لە پێشوو دەزانن، چونکە ئێستا خەڵک بە هۆی کەمکردنەوەی رێکارەکان، زیاتر تێکەڵی یەک دەبن.