سبەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای ئێران کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

سبەی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەپەلە کۆدەبێتەوە.

سبەی دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی، لەسەر داوای عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە و پرسی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران گفتوگۆ دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی فەرمی دایە هەریەک لە سکرتێری گشتی  نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بەپەلە و هەر سبەی، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بۆ سەرکۆنە کردنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجام بدرێت کە هەریەک لە وڵاتانی جەزائیر و ڕووسیا و چین پشتیوانیان کردووە، هەر لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا سبەی کۆببێتەوە.

بەرەبەیانی شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران کە بە مووشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.

هەر شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2024، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، "به پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیوە." ئاماژەی بەوەش کرد "ئێران مافی بەرگرییکردنی لە خۆی هەیە لە دوای ئەو لێدانەی ئیسرائیل."