لەماوەی پێنج کاتژمێردا سێ کەس لە عێراق خۆیان کوشت

K24 - هەولێر

تەنیا لە ماوەی پێنج کاتژمێردا، سێ حاڵەتی خۆکوشتن لە عێراق تۆمارکران، ئەمەش ئامارێکی زۆرە بەراورد بە رێژەی خۆکوشتن لە عێراق.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی کە قسەی بۆ میدیایەکی عێراقی کردووە، "ئەمڕۆ (چوارشەممە، 27-5-2020) تەنیا لەماوەی پێنج کاتژمێردا لە عێراق سێ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون، کەسێک لە بەغدا بە گوللـەیەک لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی کوشتووە، پێش ئەویش دوو رووداوی دیکەی خۆکوشتن لە نەجەف و بەسرە تۆمارکراون".

بەپێی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی 2019 لە عێراق، 725 رووداوی خۆکوشتن تۆمارکراون، کە ژمارەیەکی زۆریان لە پارێزگای زیقار بوون، لەنێو ئەوانەی خۆیان کوشتووە خۆخنکاندن، گوللـەلەخۆدان، خۆسووتاندن و تەنانەت هەندێکیان بە خواردنەوەی ژەهر خۆیان کوشتووە.

هۆکارەکانی خۆکوشتن لە عێراق زۆرن، کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەدات: خەمۆکی، لەدەستدانی هیوا، خراپیی دۆخی ئابووری، کێشەی خێزانی، بێکاری، ماددەی هۆشبەر، دەرنەچوون لە خوێندن و پاڵەپەستۆی کۆمەڵایەتی دیارترین هۆکارەکانی خۆکوشتنن لە عێراق.