شاندێکی حکوومەتی هەرێم بۆ پرسی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان گەیشتنە بەغدا

ئەمڕۆ دووشەممە، 28-10-2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "شاندێکی حکوومەتی هەرێم، بۆ پرسی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق گەیشتنە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەر پرسی سەرژمێریی گشتی کۆ ببنەوە."

سەرچاوەکە گوتیشی: "شاندەکە پێک هاتووە لە د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێم کە بڕیارە لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کۆ ببنەوە."

وا بڕیارە 20ـ11-2024، سەرژمێری لە عێراق بەڕێوە بچێت، لەوبارەوە عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دەڵێت: "ئامانجی سەرژمێری بۆ ئاستی ژیانی تاك و ڕێژەی هەژاری و دەركەوتنی ئامێر و كەلوپەلەكان لە سەر ئاستی وڵات، قەبارەی بەكارهێنانی كارەبا و گەشەی دانیشتووان و ئابووری و كۆكردنەوەی زانیارییە."

پێشتر سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو "لە ڕۆژی سێشەممەوە، 01-10-2024، پرۆسەی ژمارەلێدانی باڵەخانەکان و گەمارۆسازیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە."

سیروان محەممەد باسی لەوەش کرد "ئێمە لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی، قۆناغێک لە دوای عێراق بووین، چونکە حکوومەتی فیدراڵی لە کاتی خۆیدا، بودجە، ئامێر و کەلوپەلەکانی دیکەی بۆ پرۆسەی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان دابین نەکردووە، ئەمەش بووە هۆی دواکەوتنی کارەکانمان."

لەم پرۆسەیەدا تیمەکانى سەرژمێرى بەسەر چەند بلۆکێکدا بۆ گەمارۆسازی و ژمارەلێدان دابەش کران. بریکاری وەزارەتی پلاندانان گوتی: "زیاتر لە هەشت هەزار کارمەند و بەڕێوەبەر، سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیان کردووە."