لە ئەمەریکا گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا 100 هەزار کەسی تێپەڕاند
K24 - هەولێر
کەمتر لە چوار مانگ تێپەڕدەبێت بەسەر تووشبوونی یەکەم کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەوکاتەشەوە تائێستا ژمارەی گیانلەدەستدان بەو ڤایرۆسە، 100 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
مایکل ئۆستەرهۆڵم، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکان و لێکۆڵینەوە و سیاسەت لە زانکۆی مینیسۆتا دەڵێ، "لەکۆتاییدا، وای لێدێت هەمووان کەسێک دەناسین، کە تووشی کۆرۆنا بووە یان بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".
یەکێک لە گەورەترین کێشەکان لەبەردەم بەرپرسانی تەندروستیی ئەمەریکا ئێستا ئەوەیە: ژمارەیەکی زۆر تووشبوو تۆمارکراون، کە نازانرێت لە کێوە تووش بوون، واتا ژمارەی تووشبووان زۆرترە و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زەحمەتترە.
زانکۆی جۆنز هۆپکنزی ئەمەریکی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتە 100 هەزار و 442 کەس. هاوکات تا ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و 700 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.