ئانۆ جه‌وهه‌ر وه‌ڵامی پرسیارێكی گرنگی هاووڵاتیان ده‌داته‌وه
زانیاری له‌باره‌ی جاجی سه‌ر كۆمپانیاكانیش ده‌خاته روو
K24- هه‌ولێر:
ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی هاووڵاتیان له‌باره‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی خێرایی و دابه‌زاندنی نرخی ئینته‌رنێت و باجی سه‌ر كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی ده‌داته‌وه.
له‌م باره‌یه‌وه وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندن گوتی: داوامان له سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی گه‌یاندن و ئینته‌رنێت كردووه، خێرایی ئینته‌رنێت به‌رز بكه‌نه‌وه و نرخه‌كه‌شی كه‌م بكه‌نه‌وه.
گوتیشی: ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا به‌ڵێنیان پێداوین، كه نرخی ئینته‌رنێت ب رێژه‌ی له 25% كه‌م ده‌كه‌نه‌وه و خێراییه‌كه‌شی به رێژه‌ی 100% زیاد ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به نرخی كارتی مۆبایلیش كه باسی ئه‌وه ده‌كرێت: "هاووڵاتیان كارتی 10 هه‌زاری به 12 هه‌زار ده‌كڕن"، ئانۆ جه‌وهه‌ر گوتی: ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به حكومه‌تی فیدراڵه‌وه هه‌یه و حكومه‌تی هه‌رێم هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌م پرسه‌دا نییه، چونكه وه‌ك رایگه‌یاند، له یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015ی عێراق جێگیركراوه كه پێویسته كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینته‌رنێت رێژه‌ی له 20%ی فرۆشه‌كانیان وه‌ك باج به حكومه‌تی فیدراڵ بده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستی ئه‌و كۆمپانیایانه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له به‌غدا كراون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێستا وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، ئه‌و رێژه‌ی له 20%ـه‌ی وه‌ك باج له هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گیرێت، بگه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌ك بچێته‌وه بۆ به‌غدا، چونكه باجه‌كه له‌سه‌ر شانی هاووڵاتیانی هه‌رێمه و پێویسته داهاته‌كه‌شی بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بێت و له كه‌رتی خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیان خه‌رج بكرێت.
H.B