سەرۆکی یانەی بریشیا: لە دەست هەڵسوکەوتە سەیرەکانی بالۆتێلی بێزار بوویمە و دەبێت کۆتایی ئەم وەرزە یانەکەمان بەجێبهێڵێت

نوێترین سەرەڕۆییی ماریۆ بالۆتێلی لە یانەی بریشیا ئاشکرابوو

رۆژ بە رۆژ ماریۆ بالۆتێلی لەگەڵ زیادبوونی ساڵانی تەمەنی ژمارەی کێشەکانیشی روو لە زیادبوونن، ئەو هێرشبەرە ئیتاڵییە کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بریشیاوە کرد، بە هەڵسوکەوتە سەیرەکانی سەرۆکی یانەکەی بێزار کردووە و بڕیاریداوە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت ئاشکرایکردووە، ماسیمۆ سێلینۆی سەرۆکی یانەی بریشیا لە هەڵسوکەوتەکانی ماریۆ بالۆتێلی بێزارە و بڕیاری داوە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، لەکاتێکدا سوپەر ماریۆ هاوینی 2022 گرێبەستەکەی لەگەڵ بریشیا کۆتایی دێت.
کەناڵی سکای سپۆرت ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی بالۆتێلی بۆ ماوەی 10 رۆژ بەشداریی راهێنانی یانەکەی نەکرد و رۆژی چوارشەممە 10 رۆژ دوای سەرجەم یاریزانانی یانەکەی پەیوەندی بە راهێنانەکانی بریشیا کردەوە، سەرۆکی یانەکەی بە تەواوەتی لە دەستی بالۆ شێت بووە و بڕیاریداوە بەهەر شێوەیەک بێت دەبێت ئەم هاوینە دەستبەرداری ماریۆ بن، سەرۆکی یانەی بریشیا بالۆتێلی بە یاریزانێکی گەمژە ناوبردووە و چیتر ئامادە نییە بەرگەی هێرشبەرە ئیتاڵییەکە بگرێت.
بالۆتێلی لەوەتەی پەیوەندی بە بریشیاوە کردووە، لە 19 یاری تەنیا پێنج گۆڵی کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێک دروستبکات، کەچی لەو ماوەیە شەش کارتی زەردی بەڕوودا بەرزکراوەتەوە و جارێکیش بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی بالۆتێلی لە هەوڵدایە یانەیەک بۆ بالۆتێلی بدۆزێتەوە و لەوانەیە هاوینی داهاتوو لە خولی بەڕازیلی بیبینینەوە و پەیوەندی بە یانەی ڤاسکۆ دی گامای بەڕازیلی بکات، بەمەش ڤاسکۆ دی گاما دەبێتە نۆیەم یانە بالۆتێلی یاریی بۆ بکات.