جێگری نوێنەریUN: هیوادارین پەرلەمان کۆبێتەوە و دیموکراسی لە کوردستان ڕێگەی خۆی بگرێتەوە

جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن، پیرۆزبایی سەركەوتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولەی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات. هاوکات خوازیارە پەرلەمان کۆببێتەوە و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان رێگەی خۆی بگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن و سەرۆکی یونامی بەوەکالەت، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە بری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە بری نێردەی تایبەت، د. محەممەد حەسەن، دەمانەوێت پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین لەو هەڵبژاردنە، وێرای پیرۆزباییمان لە تەواوی دەرچووان، ئەوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستهێناوە.
جێگری نوێنەریUN، دەڵێت: بە پشت بەستن بە ئەنجامەکان، ئێستا چوار ڕۆژ بۆ تانە لە ئەنجامەکان بەردەست دەبن و سیستەم هەیە بۆ لەبەرچاوگرتنی سکاڵا و نیگرانییەکان، ئێمە لەگەڵ کۆمیسیۆن کار دەکەین، وەکو لە ڕابردوو کارمان پێکەوە کردووە بۆ چارەکردنی کێشەکان.
گوتیشی: لە ماوەی چەند هەفتەیەک دەرئەنجامە کۆتاییەکان بەردەست دەبن و ئێمەش هاریکاریی تەکنیکی پێشکەش دەکەین، خوازیارین دوای ئەنجامە کۆتاییەکان، پەرلەمان کۆببێتەوە و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان ڕێگەی خۆی بگرێتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2024، لە هەولێر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی لەگەڵ ناوی کاندیدە دەرچووانی هەرچوار بازنەکەی هەڵبژاردن ڕاگەیاند.