ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی ئیسپانیا بۆ 95 کەس بەرزبووەوە

ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی ئیسپانیا گەیشتە 95 کەس، سەرباری ئەوەی هێشتا تیمەکان بەدوای  دۆزینەوەی تەرمی قوربانییەکانی دیکەوەن.

چوارشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، بارانێکی بەخوڕ ناوچە جیا جیاکانی ئیسپانیای گرتەوە و بەهۆیەوە 95 کەس مردن، تیمەکانی ڕزگاری و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش دەڵێن: ئەم لافاوە یەکێکە لەو کارەساتە سروشتیانەی تا ئێستا زۆرترین قوربانی لێکەوتبێتەوە.

دەستەی هەماهەنگیی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری ڕایگەیاندووە، لە ڤالینسیا ئەو بارانە بەخوڕەی ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە بەردەوامە، بەهۆیەوە نزیکەی مەترێک ئاو بەرزبووەتەوە ، 92 کەس مردن، لە هەرێمی كاستيا-لا-مانتشاش دوو کەس بوونە قوربانیی، کەسێکی دیکەش لە ئەندەلوس بە لافاوەکە خنکا.

بەپێی شارەزایان، ئەو ناوچەی بووەتە لافاو، ماوەی چەندین ساڵە وشکە ساڵی ڕووی تێ کردووە، بەهۆی ئەو وشکیەوە بووە کە ئاوێکی زۆر لە ناوچەکە کۆبووەتەوە و بووەتە لافاو.

هەر بەهۆی لافاوە کارەساتبارەکەی ئسپانیا، سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی، سەرەخۆشی لە گەلی ئسپانیا و کەسوکاری قوربانییەکان کرد.

سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی، چوارشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە پەیامێکی(ئێکس) دا، سەرەخۆشی لە گەلی ئیسپانیا و کەسوکاری قوربانیان  کرد و دەڵێت: دڵگران بووم بەو لافاوە وێرانکەرەی کە لە باشووری ئسپانیا ڕوویدا.

هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆم ڕادەگەیەنم بە کەسوکاری قوربانیان و گەلی ئسپانیا لەم کاتە سەختەدا.