هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن بەردەوامە

مێدیای حووسییەکان ڕایانگەیاندووە "هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر حودەیدە لە یەمەن بەردەوامە."

هێرشەکە بۆ سەر پێگەی سەربازیی حووسییەکان لە نزیک زانکۆی حودەیدە لە شارۆچکەی حەول بووە.

هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆردومانی چڕییان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی حووسییەکان لە یەمەن، هەروەها چەند شوێنێکی  پارێزگای حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا بەندەر و فڕۆکەخانەی حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن کەوتە بەر هێرشی توندی ئاسمانیی ئیسرائیل.

لە تشرینی دووەمی 2023وە حووسییەکان لە یەمەن لە دەریای سووردا هێرش دەکەنە سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان و ئەو کەشتییە بازرگانانەی بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن، ئەمەش وەک پشتیوانییە لە غەززە و گەلی فەڵەستین.

لەبەرانبەریشدا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێزێکی سەربازییان پێک هێنا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی حووسییەکان، فڕۆکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان چەندان هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن، هەروەها سوپای ئەمەریکا بەجیا ناوبەناو ئەرکە سەربازییەکانی لە چوارچێوەی هێزەهاوپەیمانەکاندا جێبەجێ دەکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment