سی ئێن ئێن: ئێران بەنیازە وەڵامێکی توندی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە

کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی کردەوە "ئێران بەنیازە 'وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و بە ئازار' ی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بداتەوە."

تۆڕە ئەمەریکییەکە بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی تایبەت ڕایگەیاندووە "ئەگەری زۆرە ئەمە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە 5ـی تشرینی دووەمی مانگی داهاتوو ڕوو بدات."

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران لە یەکەم وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیلدا، لێدوانێکیدا گوتی: "نە پێویستە زیادەڕەوی بکرێت و نە بە کەم سەیر بکرێت."

سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند "ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل لە ئارادایە، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوو نادات."

بە پێی ڕاپۆرتی سکای نیوز، پات ڕایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند "ئەگەری ئەوە هەیە ئێران بە هێرشی سەربازیی وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بداتەوە."

هەروەها گوتیشی: "وەزارەتی بەرگریی لە نزیکەوە چاودێری جموجۆڵەکانی ئێران دەکات" جەختی لەسەر "پابەندبوونی واشنتۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل و بەرگریی لە ئیسرائیل کردەوە."

گوتەبێژی پنتاگۆن دەشڵێت: "چاومان کراوەیە بۆ ئەوەی تاران پەنا بۆ چی دەبات دوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کردی."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment