نوێترین زانیاری لەبارەی جامی سووپەری كوردستان
یاریی جامی سووپەری كوردستان لە نێوان یانەی ئاكرێی پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان و یانەی هەندرێنی پاڵەوانی جامی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت
یانەكانی ئاكرێ و هەندرێن لە جامی سوپەری كوردستان رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، یارییەكەش لە نێو یاریگە نوێیەكەی یانەی ئاكرێ بەڕێوە دەچێت.
بڕیارە سبەی هەینی كاتژمێر 14:15 خولەك بە كاتی هەولێر، یاریی جامی سووپەری كوردستان لە نێوان یانەی ئاكرێی پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان و یانەی هەندرێنی پاڵەوانی جامی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.
یانەی ئاكرێ بۆ ئەم یارییە كۆمەڵێك گۆڕانكاری كردووە، هەژار سابیر وازی لە راهێنەرایەتی یانەكە هێناوە و وەكو سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەكە دەستبەكاربووە و وەلید محەمەدیش وەكو راهێنەری نوێی یانەكە دەستنیشان كراوە، جگە لەوەش ئاكرێ گۆڕانكارییەكی زۆری لە پێكهاتەكەی كردووە، ئیبراهیم حەیدەری ناوەراستكاری وەرزی رابردووی یانەی چوارقورنەی گواستووەتەوە، هەریەكە لە رابەر جەلال و هۆگر عەبدال و دیاری ئەنوەریش پەیوەندییان بە ریزەكانی ئاكرێ كردووە.
یانەی ئاكرێ تواناكانی ئەركان مەنسوری هێرشبەری بۆ گەڕاوەتەوە و گرێبەستی بەشێك لە یاریزانانی وەرزی رابردووی نوێكردووەتەوە دیارترینیان (سانی سەلام، شڤان جەمیل، سەڵاح حەسەن، عەلی فایەق و حوسێن فەیسەڵ).
لە بەرامبەردا بەشێك لە یاریزانە دیارەكانی یانەی هەندرێن پەیوەندییان بە یانەكانی خولی نایابی عێراق كردووە، بەڵام بۆ ئەم یارییە هەندرێن تواناكانی سۆران عەزیز، هێمن نازم و ئەحمەد سەڵاحی بۆ گەڕاوەتەوە، جگە لەوەش دوای 3 ساڵ ئەیسەر قاسم گەڕاوەتەوە یانەی هەندرێن بۆ ئەم یارییە ئامادەیە.
یاریی جامی سوپەری كوردستان ساڵانە پێش دەستپێكی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان بەڕێوە دەچێت، وەرزی رابردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر بووە پاڵەوانی جامی سوپەری كوردستان.