مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە مەحموود مەشهەدانی دەکات

لە ڕاگەیندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتووە، ئەمڕۆ هەینی 1-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پیرۆزبایی لە د. مەحموود مەشهەدانی کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پەیوەندیی سەرۆکی حکوومەت دەربڕی و دڵنیاییدا، کە پشتیوان دەبێت لە جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.

ڕۆژی پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە و هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵاڵ زوبەعی، عامر عەبدولجەبار، کاندید بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

مەحموود مەشهەدانی لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، لە کۆی 271 دەنگ، 182 دەنگی بەدەست هێنا و بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.

مەحموود مەشهەدانی کێیە؟

مەحموود داوود مەشهەدانی لە دایکبووی 1948 – بەغدا.

قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە ناوچەی کازمییەی بەغدا تەواو کردووە.

ساڵی 1972 کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە.

ساڵی 1981 بەهۆی چالاکی و هەڵوێستی سیاسی زیندانی کراوە.

ساڵی 2000 سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ دەکراوە.

ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی دامەزراندنی ئەنجوومەنی دیالۆگی نیشتمانی.

ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور.

ساڵی 2006 بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.

ساڵی 2021 بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردراوە.

31/10/2024 بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە.