هەڵمەتی گەڕاندنەوەی قوتابییە دابڕاوەکان بۆ خوێندن بەردەوامە

ئالان حەمەسەعید: زیاتر لە 26 هەزار منداڵ گەڕێنراونەتەوە بەر خوێندن

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، هەڵمەتی گەڕاندنەوەی منداڵان بۆ قوتابخانە و بەردەوام بوون لە خوێندن بەردەوامە. 

وەزیری پەروەردە گوتیشی: هەڵمەتی گەڕاندنەوە بۆ بەرخوێندن لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئەم ساڵ پرۆسەکە بە هاوکاریی و هەماهەنگی ڕێکخراوەکان بە تایبەتی ڕێکخراوی یونیسێف دەستی پێکردووە و لە ماوەی ڕابردوودا 26 هەزار 385 منداڵمان گەڕاندووتەوە بەرخوێندن.

هەروەها ئاماژەیدا، ئەم پرۆسەیە گرنگییەکی ستراتیجی هەیە و بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی نەهێڵین هیچ منداڵێک کە تەمەنی شیاوی خوێندن لە دەرەوەی ناوەندەکانی خوێندن بێت و لە خوێندن داببڕێت.

چوارشەممە، 25ی ئەیلوولی 2024، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە قوتابخانە حکوومەتی و ناحکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار قوتابیی لێدرا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 720 هەزار قوتابیی قوتابخانە حکوومییەکان و زیاتر لە 132 هەزار قوتابیی قوتابخانە ناحکوومییەکانن.

هەر لەمبارەوە، سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بۆ کوردستان24 گوتی: وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 2020 ـەوە پرۆژەیەکی بە ناوی (Bag to Learning) واتە گەڕانەوە بۆ فێربوون یان گەڕانەوە بۆ خوێندن بە هاوکاری ڕێکخراوی یونیسێف و دەزگای خێرخوازی بارزانی جێبەجێکرد، لە پرۆسەکەدا ڕووپێوێکی فراوانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ دەست نیشانکردنی ئەو ناوچانەی منداڵانی تێدا لە خوێندن دابڕاون.

گوتیشی: لە چوارچێوەی پرۆژەکە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی دابڕانی منداڵەکان لە خوێندن کرا و دواتر بە گوێرەی پێویستییەکانیان هاوکاری کران بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بەرخوێندن، تاوەکوو ئیستاش پرۆسەکە بەردەوامە.

هەروا ڕایگەیاند: ڕێژەی دابڕان لە خوێندن بەراورد بە عێراق و هەندێک لە وڵاتانە زۆر کەمترە و ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی خوێندن دۆستە.