شرۆڤەكارێك: ئەو وڵاتانەی پەتای كۆرۆنایان بە سیاسیی كردووە ئێستا بە مەرگەساتی گەورەی مرۆیی باجەكەی دەدەن

بە داتا.. چی روودەدات ئەگەر كۆرۆنا تێكەڵ بە سیاسەت بكرێت؟

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی، 29/5/2020، لە نوێترین پەیامیدا هۆشداری لە بە سیاسییكردنی پەتای "كۆرۆنا"ـی داوە و دەڵێت هەندێك لایەنی سیاسیی ژیانی هاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەكانیان خستووەتە مەترسییەوە. هاوكات شرۆڤەكارێكیش ڕوونی دەكاتەوە كە ئەو وڵاتانەی ئەم پرس و پەتایەیان بە سیاسیی كردووە ئێستا باجێكی گەورەی مرۆیی دەدەن.

د. سۆران بەرزنجی، شرۆڤەكاری كەناڵی كوردستان 24 روونی دەكاتەوە كە هەریەكە لە وڵاتانی ئیتاڵیا و بەرازیل بەهۆی بە سیاسییكردنی پەتای "كۆرۆنا"ـەوە ئێستا باجێكی گەورە دەدەن و ڕۆژانە سەدان  هاووڵاتی لەو وڵاتانەدا بەهۆی "ڤایرۆسی كۆڤید – 19"ـەوە گیان لەدەست دەدەن.

د. سۆران بەرزنجی لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "ستۆدیۆ 24"ـدا ڕایگەیاندووە كە ئەگەر زەمینەی سیاسیی كوردستان بەم جۆرە بێت و پەیوەندی و متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكان خراپ بێت، دوور نییە كە كارەساتی گەورەی مرۆیی بەهۆی ئەم پەتا جیهانییەوە بكەوێتەوە. ئەو شرۆڤەكارە نموونەی وڵاتانی ئیتاڵیا و بەڕازیل دەهێنێتەوە كە لەو دوو وڵاتەدا بەهۆی سیاسەتی پۆپۆلیستی و نەمانی خاڵی هاوبەشی سیاسیی و مامەڵەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات ئێستا دووچاری كارەساتی گەورەی مرۆیی بوون.

وڵاتی بەرازیڵ لە ئێستادا دووەمین وڵاتی جیهانە لە ڕووی زۆری ژمارەی تووشبووانی بە ڤایرۆسی "كۆرۆنا" كە لە ئێستادا 438 هەزار و 238 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوونەو پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەكیشە كە ژمارەی مردووان بەهۆی پەتاكەوە هەزار كەس تێدەپەڕێنێت. لە كۆی گشتییش تا ئێستا 26 هەزار و 754 كەس گیانیان لەدەست داوە. هاوكات وڵاتی ئیتاڵیاش لە نموونە هەرە خراپەكانی تەشەنەكردن و زیانەكانی ئەم ڤایرۆسەیە كە وێڕای تووشبوونی 231 هەزار و 732 كەس، تا ئێستا 33 هەزار و 142 كەسی دیكەش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامەكەی ئەمڕۆیدا دەڵێت : "بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە".

هەروەها ڕایگەیاندووە كە : "ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ به‌رپرسیار زانی كه‌ دژایه‌تی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانیان ده‌كرد و له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ڕایگەیاندووە كە "ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن".

تەواو بەرنامەی "ستۆدیۆ 24"