د. یاد نەقشبەندی: ئەگەر دۆخەکە وابڕوات رەنگە نەتوانین هەموو تووشبوویەکی کۆرۆنا وەربگرین

مەترسییەک ئاشکرا دەکات

K24 – سلێمانی:

د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێشە گەورەکەی تۆمارکردنی حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی ئەوەیە، سەرچاوەی ڤایرۆسەکە نازانرێت و تووشبوو ئێستا لەناو شاردا دەسوڕێنەوە.

راشیگەیاند، ئێستا 87 تووشبوو لە سلێمانی هەن، 9 کەسیان پێویستیان بە ئۆکسجین دەبێت و یەکێکیان دۆخی ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی وردایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کەمکردنەوەی رێکارەکان لە پێناو گوزەرانی خەڵک و پابەند نەبوونی هاووڵاتیان وایکردووە حاڵەتەکان تەشەنە بکەن.

راشیگەیاند، ئەگەر حاڵەتەکان بەمجۆرەی ئێستا لە زیادبووندابن، رەنگە نەتوانین لە داهاتوو هەموو تووشبووەکان وەربگرین، بەڵکو تەنها ئەو نەخۆشخانە وەردەگرین کە باری تەندروستیان ناجێگیرە.

یاد نەقشبەندی هۆشدارییدا، هاووڵاتیان رێنماییە ساددەکانیش پەیڕەو ناکەن، ئەگەر تەنها ئەو رێنماییە پزیشکییانە جێبەجێ بکەن، دۆخەکە نابێتە جێی مەترسی.