هاووڵاتییانی بەسرە لە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان خۆپیشاندان دەکەن

خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی به‌سره‌
خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی به‌سره‌

ده‌یان كه‌س له‌ دانیشتووانی شارۆچكه‌ی خه‌سیب له‌ پارێزگای به‌سره‌ به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن و پارێزگاری شاره‌كه‌ش به‌ كه‌مته‌رخه‌م له‌ ئاستی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

ئێواره‌ی شه‌ممه‌، 2ـی تشرینی دووه‌می 2024، ده‌یان كه‌س له‌ دانیشتووانی شارۆچكه‌ی خه‌سیب له‌ پارێزگای به‌سره‌ به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی، كه‌ هاوكات له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا ئه‌سعه‌د عیدانی، پارێزگاری به‌سره‌یان به‌ كه‌مته‌رخه‌م له‌ ئاستی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان تۆمه‌تبار كرد و ڕایگه‌یاندووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندان جار داواكارییان پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شارۆچكه‌كه‌یان، به‌ڵام ناوبراو كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ و گوێی به‌ داواكارییه‌كانیان نه‌داوه‌.

شەممە، 27ـی تەممووزی 2024، دەیان کەس لە دانیشتووانی ناوچەی به‌رازعییه‌ لە ناوەڕاستی پارێزگای بەسرە خۆپیشاندانیان کرد و داوای دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی باری گوزەرانییان كرد.

خۆپیشاندەران حکوومەتی خۆجێییان بە بەرپرسیار زانی لە بەدوادانه‌چوون بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆ، دوای دواکەوتنی کارەکانی یەکێک لە کۆمپانیا ئێرانییەکان كه‌ ئه‌ركی دروستكردنی پرۆژه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌.

شه‌ممه‌، 20ـی ته‌ممووزی 2024، یاسر حوسێنی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووری و پیشه‌سازی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئۆباڵی قه‌یران و ته‌نگژه‌ و گه‌نده‌ڵییه‌كانی به‌سره‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی ئه‌سعه‌د عیدانی، پارێزگاری شاره‌كه‌ و گوتی، سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌كه‌ چه‌ندان سه‌رپێچی و گه‌نده‌ڵی تۆمار كراوه‌.

یاسر حوسێنی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو‌، سامان و داراییه‌كی زۆر و بێ ئه‌ژمار له‌ خێروبێری به‌نده‌ركانی عێراق له‌ شاره‌كه‌ به‌تایبه‌تی له‌ به‌قاچاخبردنی نه‌وت به‌فیڕۆ دراوه‌.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووری و پیشه‌سازی له‌ په‌رله‌مانی عێراق سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشابوو،‌ هاووڵاتییانی به‌سره‌ به‌هۆی ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌وه،‌ ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان ئێش و ئازار و نه‌هامه‌تی و نه‌خۆشی بوونه‌ته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ر 10 حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ كه‌ له‌ عێراق تۆمار ده‌كرێت، حه‌وتیان له‌ به‌سره‌یه‌.

ئێواره‌ی سێشه‌ممه،‌ 23ـی نیسانی 2024، هاووڵاتییانی ناوچه‌كانی چوارڕیانی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی شه‌تولعه‌ره‌ب له‌ نزیك پردی خالید له‌ به‌سره‌، دژی ڕاكێشانی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌گه‌ڵ ئێران بۆ ناوچه‌كه‌یان خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تییان كرد و داوایان له‌ حكوومه‌ت له‌ بڕیاره‌كه‌ی بۆ ڕاكێشانی هێڵه‌كه‌، پاشگه‌ز ببێته‌وه‌.

شه‌وی پێنجشه‌ممه،‌ 28ـی ئاداری 2024، هاووڵاتییانی به‌سره‌ جارێكی دیكه‌ خۆپیشاندانیان كرده‌وه‌. هاووڵاتییانی به‌سره‌ دژی گرانبوونی نرخی به‌نزینی موحه‌سه‌ن له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و بڕیاره‌كه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه،‌ 26ـی ئاداری 2024، حكوومه‌تی عێراق ڕایگه‌یاند، نرخی به‌نزینی موحه‌سه‌ن له‌ 650 دینار بۆ 850 دینار و نرخی به‌نزینی سووپه‌ر له‌ 1000 دیناره‌وه‌ بۆ 1250 دینار له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئایاری داهاتوو به‌رز ده‌كاته‌وه‌.

ئێواره‌ی چوارشه‌ممه،‌ 27ـی ئاداری 2024، هاووڵاتییانی به‌سره‌ دژی كرێكاری بیانیی كه‌ له‌ كۆمپانیا عێراقییه‌كانی شاره‌كه‌ كار ده‌كه‌ن، خۆپیشاندانیان كرد و له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای شاره‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ و داوایان له‌ به‌رپرسانی شاره‌كه‌ كرد گه‌نجانیان له‌ كۆمپانیا عێراقییه‌كان دابمه‌زرێنن.

هاووڵاتییانی به‌سره‌ ڕایانگه‌یاند بوو‌، به‌هۆی زۆریی كرێكارانی بیانی له‌ شاره‌كه‌یاندا، هه‌لی كار بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ نه‌ماوه‌ و گه‌نجانیان كه‌ ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانن، بێكارن و ده‌رفه‌تی كاریان ده‌ست ناكه‌وێت.

ئێواره‌ی چوارشه‌ممه،‌ 20ـی ئاداری 2024، سه‌دان هاووڵاتی شارۆچكه‌ی قورنه‌ له‌ باكووری پارێزگای به‌سره‌ له‌ دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كی و سه‌ره‌تاییه‌كان خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تییان کرد و داواكارییه‌كانیان ئاراسته‌ی به‌رپرسانی خۆجێیی شارۆچكه‌كه‌ كرد‌ و داوایان كرد به‌ زووترین كات وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان بۆ سه‌رووی خۆیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

پێشتریش 14ـی ئاداری 2024، سه‌دان هاووڵاتی پارێزگای به‌سره‌ خۆپیشاندانێكیان كرد به‌مه‌به‌ستی ده‌ركردنی فه‌رمانی جێگیربوونیان له‌ چوارچێوه‌ی پاشكۆی په‌روه‌رده‌ی شاره‌كه‌.

خۆپیشاندانی فراوان له‌ به‌سره‌ له‌ ساڵی 2018 به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی دژی گه‌نده‌ڵی و دزینی سامانی ئه‌و پارێزگایه‌، له‌ دژی حكوومه‌ت ڕاپه‌ڕین.