لە کابینەی نۆیەم گرنگی زۆر بە پێکهاتەکان دراوە
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تەواو بە پێکهاتەکان دراوە و پۆستی هەستیار و گرنگیان بەدەستەوە بووە لەوانە؛ وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، هەروەها لەهەرێمی کوردستان 48 قوتابخانەی سریان و 19 قوتابخانەی تورکمانی هەن.
پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و فەرهەنگییەوە گەشەی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە، کەسایەتییەکانی پێکهاتەکانیش گەواهی گرنگیدانی تەواوی کابینەی نۆیەمی حکوومەت پێیان دەدەن و داواکاریشن کابینەی دەیەم بەهەمان نەفەسی کابینەی نۆیەمدا ئاوڕیان لێبداتەوە و گرنگی بە دۆخیان بدات.
لە کابینەی نۆیەم بۆ جاری یەکەم لە مێژووی حکوومڕانی کوردیدا وەزارەتێک بۆ کاروباری پێکهاتەکان هێنرایە کایەوە بەناوی وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئایدن مەعروف کرایە وەزیری.
پێکهاتەکان لەکابینەی نۆیەم چەندین پۆستی گرنگ و هەستیاریان بەدەستەوە بووە. بەشداربوون لە بڕیاردان و کۆی کایەکانی حکوومڕانی هەرێمی کوردستان و خاوەنی ڕا و قسەی خۆیان بن.
گرنگترین ئەو پۆستانەشی بە پێکهاتەکان دراون لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بریتی بوون لە: وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف لە پێکهاتەی تورکمان وەزیری ئەم وەزارەتە بوو. وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێم، وەزیری ئەم وەزارەتە ئانۆ جەوهەر بوو لە پێکهاتەی کریستیان. سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ کە مونا یاقو لە پێکهاتەی کرسیتییان سەرۆکی دەستەکەبوو. هەروەها پۆستی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، کە مونا قەهوەچی لە پێکهاتەی تورکمان پۆستەکەی بەڕێوە دەبرد، لەلایەکی دیکەوە چەندین پۆستی باڵای ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی لەلایەن پێکهاتەکانەوە بەڕێوە دەبرا.
لەکەرتی خوێندنیش ئەم گرنگیدانەی کابینەی نۆیەم بە پێکهاتەکان ڕەنگی داوەتەوە بە جۆرێک لە هەرێمی کوردستان 48 قوتابخانەی سریانی هەن، هەروەها 19 قوتابخانەی تورکمانیش هەن. ئەمە جگە لەچەند زانکۆیەکی تایبەت بە پێکهاتەکان.
کۆمەڵانی خەڵکی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانیش چاویان لەوەیە کابینەی دەیەمیش بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی گرنگی زیاتریان پێبدات و پێکەوەژیان قوڵتر بکاتەوە، هەروەها کەسایەتی پێکهاتەکان زیاتر لەناو دامەزراوەکان جێگەیان بکرێتەوە.