پارێزگای هەولێر: سبەی پشوو نییە

هەولێر
هەولێر

پارێزگای هەولێر لەبارەی پشووی سبەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەى پارێزگارى هەولێر، تیمەکانی سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەموو جۆرە ئامادەکارییەک و ڕێوشوێنێکی پێویستیان بۆ وەرزى بارانبارین و زستانى ئەمساڵ گرتۆتەبەر و تەواوی چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و ئاوەڕۆكانی شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی گەڕەکەکانى سەنتەرى شار و دەرەوەى شار و کەند و رێڕەوەکانى ئاوى سروشتى باران پاککراوەتەوە.

دەشڵێت: ئەوە جگە لەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی داڕشتنی ئەو پلان و بەرنامە و ڕێگه‌ چارەسەرییانەی لە سنووری پارێزگاکەمان بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕوودانى لافاو و چارەسەرى هۆکارەکانى دروستبوون و هەر ئەگەرێکى نەخوازراو چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگی جیاجیا ئەنجامدراون لە دروستکردنی ئاوەڕۆیی لوولەیی و فراوانکردن و پاککردنەوەی ڕێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەندەکان و دروستکردنی چەندین بەنداو، کە لە ئێستادا بەشێکیان تەوابوونە و بەشێکی تریشیان بەڕێژەی جیاواز لە بواری جێبەجێکردندا، توانراوە ئیدارەی حاڵەتەکانی ئەو ڕێژە زۆرەی بارانبارینانە بدرێت و کۆنتڕۆڵی بکرێت کە لە شارەکەمان داباریوە.

بۆیە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان دڵنییا دەکەینەوە، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە و تیمەکانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانیش لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ ڕێگریكردن لە ڕوودانی هەر حاڵتێکى نەخوازراو و چارەسەركردنی، پشتیوان بە خودای گەورە هەموو لایەک سەلامەت دەبن، سەبارەت بە پشووی سبەیش، وەک پارێزگای هەولێر، هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینین تاکو بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 2024.11.3 بکرێت بە پشوو، هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە بەیانی لە سەرجەم فەرمانگە و دام و دەزگاکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەوام ئاساییە و پشوو نییە.