بازرگانێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کرا
بازرگانێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کرا و دەست بەسەر 100 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری جۆری "کپتاگۆن"ـیش گیرا.
یەکشەممە، 03-11-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئـاشکرای کرد "بە هەمانگیی نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش/ هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەکانی حکوومەتی عێراق؛ ڕۆژی 30-10-2024، لە شاری بەغدا دەست بە سەر 100 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لە جۆری "کپتاگۆن" دا گیرا."
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ کراوە "لە هەمان ئەو چالاکییەدا توانرا بازرگانێکی مەترسیدار کە ئەندامی تۆڕێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر بوو، دەستگیر بکرێت."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەش کردووە "چالاکییەکە دوای وەرگرتنی بڕیاری هەر یەکە لە دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش و دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای کەرخ، جێ بەجێ کراوە."