تیروپشكی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان راكێشرا

بۆ یەكەمجار هەندێك گۆڕانكاری لە وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان روودەدات

گرتەیەك لە یاریی وەرزی رابردووی خولی نایابی كوردستان لە نێوان ئاكرێ و برایەتی
گرتەیەك لە یاریی وەرزی رابردووی خولی نایابی كوردستان لە نێوان ئاكرێ و برایەتی

تیروپشكی  وەرزی نوێی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان 2024 ـ 2025 راكێشرا، موژدەیەكیش بە ناوبژیوانان و پاڵەوانانی وەرزی رابردووی خولەكانی كوردستان درا.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 3 نۆڤێمبەری 2024، لە هەولێری پایتەخت، تیروپشكی وەرزی نوێی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان راكێشرا.
لە دەستپێكی تیروپشكەكە، سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش رایگەیاند چەكی بانكی شایستە داراییەكانی پاڵەوانەكانی خولەكانی كوردستان ئامادە كراوە، بەمنزیكانە بەسەر ئەو یانانەی كە وەرزی رابردوو پلەكانی یەكەم، دووەم و سێیەمیان بەدەستهێناوە دابەش دەكرێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە، سیروان نەجمەدین سكرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان رایگەیاند مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان هەموو پاڵپشتییەكی بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكییەكان دووپات كردووەتەوە، دەشڵێت: لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی تەواوی شایستە داراییەكانی ناوبژیوانان و تێچووی سەرجەم خولەكانی ئەم وەرزە خەرج دەكرێت.
سیروان نەجمەدین گوتیشی: بە ناوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان داوای لێبوردن لە ناوبژیوانان دەكەین كە ماوەی ساڵێكە شایستە داراییەكانی خۆیان وەرنەگرتووە و لەسەر خەرجی خۆیان خولەكانیان بەڕێوە بردووە.
سیروان نەجمەدین لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستان24 رایگەیاند یارییەكانی هەر گەڕێكی ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان لە 3 رۆژی جیا بەڕێوە دەچێت، یارییەكانی گەڕی یەكەم لە رۆژیانی 7،8 و 9ـی ئەم مانگە دەكرێن، دەشڵێت: بەشێك لە یانەكان داوایان كردووە یارییەكانیان لە خولی نایابی كوردستان لە شەوان بكرێت، رەنگە پێشنیارەكانیان بۆ ئەنجامدانی بەشێك لە یارییەكان لە شەوان جێبەجێ بكرێت.
بڕیارە خولی نایابی كوردستانی ئەم وەرزە بە بەشداریی 16 یانە لە رۆژی 7ـی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، بەڵام تا ئێستا یانەكانی سەیدسادق و ئارارات ئامادەكارییەكانیان بۆ وەرزی نوێ دەستپێكردووە، لە كۆتایی ئەم وەرزە چوار یانە دادەبەزێت و تەنیا دوو یانەش سەردەكەوێت.