سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی و نوێنەرانی کۆمەڵە و رێکخراوی کوردانی فەیلی دەکات

سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی و نوێنەرانی کۆمەڵە و رێکخراوی کوردانی فەیلی
سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی و نوێنەرانی کۆمەڵە و رێکخراوی کوردانی فەیلی

سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی و نوێنەرانی کۆمەڵە و رێکخراوی کوردانی فەیلی ڕایدەگەیەنێت:کوردانی فەیلی هێمای فیداکاری و کوردپەروەرین و نموونەیەکی دیاری ئەو ستەم و  چەوساندنەوەین کە لەدژی گەلی کورد ئەنجام دراوە.

رۆژی یەکشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی و نوێنەرانی کۆمەڵە و رێکخراوی کوردانی فەیلی کرد.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان کورتەیەکیان لە کێشە و گیروگرفتەکانیان و بابەتی بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری کوردانی فەیلی لە ماف و ناسنامە و ئاسەواری ئازاردان و ڕاگواستنیان و دەرئەنجامەکانی سیاسەتی شۆڤینی بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو کە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق لەدژی کوردانی فەیلی پیادە کراوە و هەتا ئەمرۆش بەشێک لەم کێشانە هەر بەردەوامن. هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد کە هەمیشە بەرگری لە مافەکانی کوردانی فەیلی کردووە لەو کێشەو ئاستەنگانەی هەیانە و هەمیشە داکۆکیکار بووە بۆ گەڕاندنەوە و چەسپاندنی مافەکانیان.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی کەسایەتی و نوێنەرانی ڕێکخراو و کۆمەلەی کوردانی فەیلی، پێزانینی بۆ هەڵوێستەکانیان هەبوو ، و ڕایگەیاند کوردانی فەیلی هێمای فیداکاری و کوردپەروەرین و نموونەیەکی دیاری ئەو ستەم و  چەوساندنەوەین کە لەدژی گەلی کورد ئەنجام دراوە. جەختیشی لەوە کردەوە  کوردانی فەیلی بەهۆی ناسنامەی نەتەوەییان تووشی زوڵم و دەربەدەریی و ئاوارەیی بوونە. سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپاتکردەوە ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ پاڵپشتیکردن و جێگیرکردنی تەواوی ماف و داواکاریبەکانی کوردانی فەیلی ئەنجامی دەدات.