ڤیان سەبری: حكوومەتی عێراق بە پڕۆژەی هەژماری من ڕازییە و ھیچ گرفتێكی نییە

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی  کوردستان لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: بانکەکانی پرۆژەی هەژماری من فەرمین و دانپێدانراوی بانکی ناوەندی عێراقن، پرۆژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و سەرۆک حزبێک ئەگەر ڕێگریی لێ بکات، زیان بەخۆیی و خەڵکەکەی دەگەیەنێت.

یەکشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2024، ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی عێراقی مامەڵە لەگەڵ بانکەکانی هەژماری من دەکات کە لە بانکی ناوەندیی تۆمارکراون، پرۆژەیەکی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، وەکو ئەو بانکە عێراقیانەی لە پرۆژەی تەوتین لە بانکی ناوەندی تۆمار کراون، دەشڵێت: حكوومەتی عێراق بە پڕۆژەی هەژماری من ڕازییە و ھیچ گرفتێكی نییە.

ڤیان سەبری دەڵێت: پڕۆژەی ھەژماری من بەسیاسیی کراوە، لە کاتێکدا پرۆژەکە هی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بۆ خزمەتکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، حکوومەتیش هی هەموو خەڵکی کوردستانە، سەرۆک حزبێک ناتوانێت ڕێگریی لێ بکات، ئەگەر ڕێگریشی لێ بکات، زیان بەخۆیی و خەڵکەکەی دەگەیەنێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: بانکەکانی هەژماری من فەرمین و حکوومەتی عێراقی بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.