بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا دوو هاووڵاتی شەهید بوون

کوڕ و باوکێک شەهید بوون

K24 – دهۆک:

بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە گوندی هێتۆتە سەر بە ناحیەی دێرەلوک، دوو هاووڵاتی کە کوڕ و باوکن شەهید بوون و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

جەلال نورەدین تەمەن 60 ساڵ و کوڕەکەی ئەحمەد جەلال نورەدین تەمەن 32 ساڵ، بەهۆی بۆردومانەکە شەهید بوون.

پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک رایگەیاند، بریندارەکە خۆی گەیاندووەتە نەخۆشخانە و خەڵکی ناوچەکەی لە رووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە.

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو، 23 کەس بەهۆی جەنگی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش سەرەڕای زیانی ماددی زۆری گوندنشینانی دەڤەرەکە و چۆڵکردنی چەندەها گوند.