واده‌ی وه‌رگرتنی پاره‌ی حاجیان درێژ كرایه‌وه

به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند ‌"وه‌رگرتنی گوژمه‌ی یه‌كه‌می پاره‌ی حاجیان تاوه‌كوو ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو 12/11/2024 درێژ كرایه‌وه، دەشڵێت دوای ئەو وادەیە هیچی دیکە درێژ ناکرێتەوە."

به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان لە بەیاننامەیەکدا، ئاگاداری هه‌موو ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵ ناویان بۆ پرۆسه‌ی حه‌جی 2025 ده‌رچووه‌ "له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، وه‌رگرتنی گوژمه‌ی یه‌كه‌می پاره‌ی حاجیان تاوه‌كوو ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو 12/11/2024 درێژ كرایه‌وه‌." ئاماژەی بەوەش دا "له‌دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌ر كه‌سێك دوا بكه‌وێت مافی حه‌جكردنی نامێنێت و له‌ جیاتی ناوه‌كه‌ی ناوێكی یه‌ده‌گ به‌ پێی ڕێزبه‌ندی ده‌رچوونی ناوه‌كان شوێنی ده‌گرێته‌وه‌."

به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومرە، داوا له‌و هاووڵاتیانه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مساڵ ناویان ده‌رچووه‌ "له‌ زووترین كاتدا سه‌ردانی نووسینگه‌كانی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان  له‌ پارێزگاكانی، هه‌ولێر، دهۆك، سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كانی، زاخۆ، سۆران، ڕاپه‌رین و گه‌رمیان، بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌كانیان؛ چونكه‌ واده‌ی وه‌رگرتنی گوژمه‌ی یه‌كه‌می تێچووی حه‌ج به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جارێكی دیكه‌ درێژ ناكرێته‌وه‌."

به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومرە ڕاشیگەیاندووە "ئەو پێداویستییانەی کە  هاووڵاتیان دەبێت لەگەڵ خۆیان بیهێنن بریتین لە:

1- بڕی (4) چوار ملیۆن دیناری عیراقی وه‌كوو گوژمه‌ی یه‌كه‌م تاوه‌كوو گوژمه‌ی دووه‌م دیاری ده‌كرێت.

2- پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ناوی ده‌رچووه‌ ئاماده‌ بێت.

3- پاسپۆرت.