ئەحمەد تورک بۆ کوردستان24: دەیانەوێت بێدەنگمان بکەن

ئەحمەد تورک، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی مێردین
ئەحمەد تورک، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی مێردین

سەرۆکی شارەوانیی لەکارلادراوی مێردین لەبارەی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی دووپاتی دەکاتەوە "ئەوە هەنگاوێکە بۆ بێدەنگکردنی گەلی کورد". جەختیش دەکاتەوە "حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی کردەیی  بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی نەناوە."

بڕیاری حکوومەتی تورکیا بۆ دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەتی و دانانی قەیومی لە شوێنەکانیان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی مێردین بەهۆی ئەو سزایەی بۆ دەرکراوە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ کە 10 ساڵ زیندانیکردنە، لە ئەرکەکەی دوورخراوەتەوە و تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین بە وەکالەت، سەرۆکی شارەوانیی بە قەیوم بەڕێوە دەبات.

 

ئەحمەد تورک: بڕیاری دوورخستنەوەم دژی بەهاکانی دیموکراسییە

ئەمڕۆ دووشەممە، 04-11-2024، ئەحمەد تورک، سەرۆک شارەوانیی مێردین دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی لەگەڵ دەیان لایەنگری لە بەردەم سەرۆک شارەوانییەکە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان کرد. 

ئەحمەد تورک لە لێدوانێکیدا بۆ ماهر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24، بڕیارەکەی بە "نادادی و دژی بەهاکانی دیموکراسی" ناوبرد و دووپاتی کردەوە "وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕێزی لە ئیرادەی گەلی کورد نەگرتووە و بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستینەوە."

ئەحمەد تورک لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە داوای لە هاووڵاتییانی مێردین و سیاسەتمەندارانی کوردی تورکیا و باکووری کوردستان کرد "بچنە بەردەم سەرۆکایەتیی شارەوانییەکە و هاوشان لەگەڵ ئەوان ناڕەزایەتیی خۆیان دژی سیاسەتی بێدەنگکردن و نەهێشتنی گەلی کورد نیشان بدەن و سەرکۆنەی بڕیارەکە بکەن." 

 

"هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی نەنراوە"

 

ئەو سیاسەتمەدارەی باکووری کوردستان لەبارەی دەنگۆی تایبەت بە ڕاگەیاندنی پرۆسەی نوێی ئاشتی، ئاماژەی بەوە کرد "ڕۆژانە ئێمە دەبینین (ئەو دەنگۆ و هەوڵانە) دوورن لە ڕاستییەوە. داواکاریی ئێمە ئاشتییەکی سەرفرازانەیە. داوای ئێمەی گەلی کورد، گەلی تورک و گەلانی دیکەش دیموکراسی و ژیانێکی ئازادە؛ بەڵام ئێمە ئەمڕۆ دەبینین دەیانەوێت ئیرادەی گەلی کورد نەهێڵن و بێ دەنگ بهێڵنەوە."

بە گوتەی ئەحمەد تورک "هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی نەنراوە، لە ماوەی ڕابردوودا دەمانویست جارێکی دیکە ئەم پرۆسەیە نوێ بکەینەوە و چارەیەکی سیاسی بۆ دۆزی کورد (لە تورکیا) بدۆزینەوە، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیانویست لەگەڵ خواستەکانی گەلی کورد یەکیان نەدەگرتەوە."

وەکوو ئەوەی سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی مێردین باسی کرد "حکوومەتی تورکیا لە ڕێگەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، دەیەوێت گەلی کورد بە بێدەنگ بمێنێتەوە و خۆی ڕادەستی ئەوان بکات، بەم شێوەیە کێشەی کورد چارە ناکرێت. پرۆژەی ئێمەی گەلی کورد لە پرۆژەکەی ئەوان جیاوازە، ئەوەی ئێمە ئازادی، ئاشتی، پێکەوەیی و ژیانێکی سەرفرازە؛ بەڵام ئەوان لەگەڵ ئێمە لەسەر ئەم پرۆژەیە هاوڕا نین."

 

چاوپێکەوتنەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و برازاکەی

عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە "دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو، ڕۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، "وەکوو بنەماڵە" چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان کەوتووە." 

ئەحمەد تورک لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنە گوتی: "هیچ زانیارییەکی ئەوتۆمان لەبارەی چاوپێکەوتنەکانی نێو زیندانی (ئیمرالی) نییە، نازانین لەو چاوپێکەوتنانەدا باسی چی کراوە و هیچمان لەوبارەوە پێ نەگوتراوە؛ بۆیە ناتوانم هیچ شتێکی دیکە لەسەر ئەم بابەتە باس بکەم."  

 

 

چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا

چارەکردنی کێشەی کورد دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێی نایە قۆناغێکی گرنگ و نوێ دوای ئەوەی گوتی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندان دەربهێندرێت و لە پەرلەمانی تورکیا چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە رابگەیەنێت." 

دەوڵەت باخچەلی گوتی: "کێشەی تورکیا کورد نییە بەڵکو پەکەکەیە. کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستگیر کرا و بۆ تورکیا ڕاگواسترایەوە، ڕایگەیاندبوو  'ئامادەیە هەموو جۆرە خزمەتێک پێشکەش بکات'. داوای هەڵگرتنی گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکرێت، با هەڵگیرێت و بفەرموێت لە پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی چەکدانانی پەکەکە ڕابگەیەنێت. بە دەنگێکی بەرزەوە بڵێت تیرۆر نەماوە و پەکەکە خۆی هەڵووەشاندووەتەوە."

وەڵامی دەم پارتی بۆ بانگەوازەکەی باخچەلی 

لەبەرامبەر ئەو بانگەوازە، هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای هاتیمئۆغڵڵاری ئامادەیی خۆیانی بۆ ئاشتی ڕاگەیاند: "ناونیشانی چارەکردنی کێشەی کورد پەرلەمانە، لە پەرلەمان و سیاسەتیش بێگومان هاوشانیی ئەو بابەتە دەم پارتییە. سەرۆکی مەهەپە دەڵێت با سیاسەتی گۆشەگیرکردنی ئۆجەلان هەڵبگیرێت و ڕێگە بدرێت قسە بکات. پێویستە بەزووترین کات ئەمە بکرێت، ئێمە دەڵێین با بێت و ئامادە بێت و قسە بکات. بێ بەفیرۆدانی کات پێویستە بەپەلە هەنگاو لەوبارەیەوە بگیرێتەبەر، ئێمە وەک دەم پارتی لەپێناو ئاشتییەکی شەرەفمەندانە، لەپێناو بنیاتنانی کۆماری دیموکرات ئامادەین هەموو جۆرە باجێک بدەین. ئەوەی لەسەرمان بێت ئامادەین بیکەین. بەڵێن بێت، ئاشتییەکی شەرەفمەندانە بۆ ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە و پێکەوە گۆرانی ئاشتی دەچڕین."