زەیدی سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە ئەستۆ دەگرێت

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی تەواوکردنی سەروەریی نیشتمانی و لە بەرامبەر قەبارەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ئەم قۆناخەدا، ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی لە ئەستۆ گرت.

پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بارەگای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی فیدراڵ، ئەرکەکانی سەرۆکایەتیکردنی دەزگاکەی لە پێگەی خۆیەوە و بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە ئەستۆ گرت.

گوتەبێژەکە روونی کردەوە، ئەم هەنگاوە بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی ئەو ئاڵنگارییە هەنووکەیییانەیە کە رووبەڕووی وڵات بوونەتەوە، هاوکات لەگەڵ پێداویستییەکانی سەرخستنی پلانی تەواوکردنی سەروەریی نیشتمانی کە حکوومەت لەم قۆناخەدا کاری لەسەر دەکات.

وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگری لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی هەواڵگری و ئەمنی و یەکخستنی بڕیارە چارەنووسسازەکان لێکدەدرێتەوە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق.