سەرۆک شارەوانییەکی تورکیا کوژرا

هیلمی شەن، سەرۆکی شارەوانی بالیشە
هیلمی شەن، سەرۆکی شارەوانی بالیشە

سەرۆک شارەوانییەکی تورکیا و شۆفێرەکەی لە هێرشێکی چەکداریدا کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. 

نایل کادرهان، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 04-11-2024، لە هێرشێکی چەکداریدا لە ناحیەی بالیشەی پارێزگای کیریککەلێی تورکیا؛ هیلمی شەن، سەرۆکی شارەوانی بالیشە و شۆفێرەکەی میکایل چەلیکۆل، کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون." 

هیلمی شەن، سەر بە پارتی "یەنیدن ڕەفەح"ـی تورکیایە. پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد "سەرۆک شارەوانیی بالیشە و شۆفێرەکەی دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، گیانیان سپاردووە." 

پەیامنێری کوردستان24 ڕوونیشی کردەوە 'سێ برینداری ڕووداوەکە لە نەخۆشخانە تیمار دەکرێن، تۆمەتبارەکەش دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەش لەبارەی ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە."