مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆی لە هێرشکردنە سەر جووتیارانی کورد دەردەبڕێت

پێشوازیی لە فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازیی لە فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد

ئەمڕۆ شەممە 2020/5/30 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مێجەر جەنەڕاڵ ئیریک هیل فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا. جەخت لە گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش کرا .

سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی چالاکی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی بەتایبەتی هێرش کردنە سەر جووتیارانی کورد و ڕفاندنیان .

 مێجەر جەنەڕاڵ هیل ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکا و هاوپەیمانانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا. گوتیشی شەڕی تیرۆر هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە لە هەماهەنگیکردن لە گەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بین و زیاتر پەرەی پێ بدەین.