مەسرور بارزانی: پێویستە پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای دەنگی لایەنە سیاسییەکان و بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت
دووشەممە، 04-11-2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیى له ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵيۆزى ئهمهريكا له عێراق كرد.
تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتدا ئاماژەی پێ دراوە "تایبەت بوو بە ڕێکار و ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
هەردوولا "هاوڕابوون لەسەر گرنگیی لەیەکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە زووترین کاتدا، بۆ ئەوەی درێژە بە کار و پرۆژە خزمەتگوازارییەکانی بدات و خزمەتی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات."
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە "پێویستە پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای دەنگی لایەنە سیاسییەکان و بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت و حکومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز و یەکگرتوو بێت."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا "هاوڕابوون لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و دوورخستنەوەی لێکەوتەکانی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان."