زانیاری لەبارەی 400 ملیار دینارەکەی عێراق دەخرێتەڕوو
سەرچاوەیەک چەند زانیارییەک بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات
K24 – ههولێر:
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان 24ـی راگەیاند، لەو 400 ملیار دینارەی بڕیاربوو لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق بگاتە حکومەتی هەرێم تەنیا 388 ملیاری گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چونکە هەموو جارێک لەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچە دەینێرێت، بانکی ناوەندی عێراق بڕی 12 ملیار دیناری لەو پارەیەی هەرێم داوە بە بانکە ئەهلییەکانی هەرێم لە بری قەرزەکانی کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێم کە لە بانکە ئەهلییەکان وەری گرتبوو.
سەرچاوەکە روونیشیکردەوە کە بۆ مووچەی پێش جەژن، حکومەتی هەرێم بڕی 138 ملیۆن دۆلاری لە کۆمەڵێک وەبەرهێنەری ناوخۆ بە قەرز وەرگرتووە کە حکومەت پێویستە لە ماوەی مانگێکدا بۆیان بگەڕێنێتەوە.
هەروەها، حکومەتی هەرێم 150 ملیۆن دۆلاریشی وەکو پارەی فرۆشتنی پێشوەختە، لە کۆمپانیاکانی نەوت وەرگرتبوو. لەگەڵ ئەو داهاتەی لە بەردەستدابووە، مووچەی پێش جەژنی پێدراوە.