دەستەی ئاماری هەرێم ماڵپەڕی پێشکەشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی ڕادەگەیەنێت

سەرژمێری گشتی دانیشتووان
سەرژمێری گشتی دانیشتووان

دەستەی ئاماری هەرێم ماڵپەڕی پێشکەشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی ڕادەگەیەنێت.

دووشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2024، دەستەی ئاماری هەرێم بەمەبەستی بەشداربوون لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بۆ ساڵی 2024  وەک بژمێر (عداد). ماڵپەڕی پێشکەشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی  بە ناونیشانی: https://census-job-krd.com ڕاگەیاند:

بەپێی ڕاگەیاندراوی دەستەکە، ماڵپەری ئاماژە پێکراو لە ڕۆژانی (6-7-8)ـی ئەم مانگە کارا دەکرێت بەمەبەستی پێشکەشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی، بەپێ سنووری نیشتەجێبوون لەسەر ئاستی گەڕەک یان گوند.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماڵپەرەکەدا ڕێنمایی و مەرجی پێشکەشکردن خراوەتە ڕوو، بۆ هەموو دەرچوویەکی زانکۆ و پەیمانگە کە بە ویستی خۆیان فۆڕم پێشکەشدەکەن. 

دەستەکە ڕایگەیاندووە، ئەم هەوڵەی وەزارەتی پلاندانان لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانە بۆ ئەنجامدانی کاری مەیدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان کە لە ڕۆژانی 16-17-18-19 ئەم مانگە دەسپێدەکات.

وەک ڕاگەیەندراوە، پێشکەشکاران دەبێت لە سنووری نیشتەجێبوونی خۆیان و تەنها یەکجار فۆڕم پێشکەش بکەن، هەروەها مەرج نییە هەموو پێشکەشکارێک ناوی بگەڕێتەوە وەک بژمێر،  چونکە بەپێی پێداویستی و ژمارەی دیاریکراو لەسەر ئاستی گەڕەک و گوند، دەستنیشانی پێشکەشکاران دەکرێت.

 دواتر، دەستەی ئاماری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاماری پارێزگاو ئیدارەکان،  بەپێ ژمارەی پێویستی دیاریکراو  لەسەر ئاستی گەڕەک و گوند و ناحیەو قەزا، ڕاگەیاندن دەکرێت بۆ ناوەکان لەهەمان ماڵپەرەوە.