ئەلینا رۆمانۆوسکی: لەگەڵ مەسرور بارزانی پشتیوانی ئەمەریکامان بۆ پێکهێنانی خێرای حکوومەت دووپات کردەوە

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دڵخۆشی خۆی نیشان دەدات بە دیداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پشتیوانی ئەمەریکامان بۆ پێکهێنانی خێرای حکوومەت دووپات کردەوە.

دووشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکی(ئێکس) دا نووسیویەتی: دڵخۆش بووم بە دیدارەکەم لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دووپات کردنەوەی پشتیوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی خێرای حکوومەتێکی گشتگیر کە وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت.

دەشڵێت: لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە و چاکسازییەکانی پێشمەرگەش کرد.

ئەو پەیامەی باڵیۆزی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، دووشەممە‌، 04-11-2024، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كرد.
تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتدا ئاماژەی پێ دراوە "تایبەت بوو بە ڕێکار و ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
هەردوولا "هاوڕابوون لەسەر گرنگیی لەیەکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە زووترین کاتدا، بۆ ئەوەی درێژە بە کار و پرۆژە خزمەتگوازارییەکانی بدات و خزمەتی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات."
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە "پێویستە پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای دەنگی لایەنە سیاسییەکان و بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت و حکومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز و یەکگرتوو بێت."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا "هاوڕابوون لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و دوورخستنەوەی لێکەوتەکانی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان.