هاوکاریی زیانلێکەوتووانی بارانەکەی هەڵەبجە دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، هاوکاریی زیانلێکەوتووانی بارانەی پارێزگای هەڵبەجە دەکات.
دووشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە دوای هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ماڵانەی کە بە هۆی بارانەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکاریی بە بەشێکیان گەیاند.
بەپێی ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، هاوکاریەکان بۆ هەڵەبجە بریتین لە مۆکێت و دۆشەک و بەتانی وسەبەتەی خۆراک، لەگەڵ سەبەتەی پاککەرەوە و پێداویستیەکانی منداڵ، هاوکارییەکانیش بەسەر خێزانە زیانلێکەوتووەکان دابەشکران کە نزیکەی (25) ماڵ بەهۆی بارانی بەخوڕ زیانیان بەرکەوتووە، ناوەندەکە ئاشکرای کردووە، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تا سەرجەم زیانلێکەوتوان هاوکاری دەکرێن.
وەزارەتی ناوخۆ لەڕێگەی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بە پشتیوانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لەماوەکانی ڕابردوودا کۆگای بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجەی هاوشێوەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان دروستکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کەل و پەلی پێویستی بۆ دابینکرا تا لەکاتی پێویست و نەخوازراو هاوکاریی کەسانی لێقەوماو بکرێت.