دوای گیان لەدەستدانی ئافرەتێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووخاندنی خانووهكهی دوو بەرپرس دەستگیر کران
بەرپرسی بەڕێوەبەردنی شارهوانی كرماشان و جێگرەکەی لەکار لادران و دهستگیر كران
K24- ههولێر:
نزیكهی 10 رۆژ لەمەوبەر ئاسیه پەناهی، ئافرەتێکی تەمەن 61 ساڵانی دانیشتووی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای رووخاندنی خانووه زێدەڕۆیەکەی لەلایەن شارەوانییهوه، بەهۆی جەڵته گیانی لەدەست دا، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لەناوخۆی ئێران لێکەوتەوه.
بەپێی هەواڵه ناوخۆییەکانی ئێران، سەرۆکی شارەوانیی کرماشان بەرپرسی بەڕێوەبەردن و جێگرەکەی لەکار لاداوه و ئێستا هەردووکیان دەستبەسەر کراون.
ڤیدیۆی رووبەڕوو بوونەوەی ئاسیه پەناهی لەگەڵ کارمەندانی شارەوانیی کرماشان بۆ رێگریکردن له رووخاندنی خانووه 40 مەترییەکەی لەناو تۆڕه کۆمەڵایەتییەکانی ئێران به شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوه.
دوای گیان لەدەستدانی ئاسیه پەناهی، داواکاری گشتیی کرماشان رایگەیاند، دۆسیەکە وەك کوشتن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
هەروەها پارێزگاری کرماشانیش داوای کرد رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو کەسانەی خانووی ئاسیەیان رووخاندبوو، بگیرێتەبەر.
H.B